ئێمباپێ هەموو شتێک یەکلایی دەکاتەوە

کلیان ئێمباپێ
کلیان ئێمباپێ

کلیان ئێمباپێ، هێرشبەری هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی پاریس سانجێرمانی ئەم وڵاتە، لە نوێترین دەرکەوتنی باس لە چارەنوسی دەکات و جارێکی دیکە پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، پێش دەست پێکردنی یۆرۆ2024 چارەنوسی خۆی یەکلایی دەکاتەوە.

هێرشبەرە فەرەنسیەکە تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی ماوە، تاوەکو ئێستاش ئامادەنەبووە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێ بکاتەوە، هەر ئەمەش وایکردووە گومانەکان لەسەر چارەنوسی زیاتر بن و دەنگۆیەکی بەهێزیش هەیە، وەرزی داهاتوو خەونەکەی بکات بە راستی و درێسی ریاڵ مەدرید لەبەر دەکات.

ئێمباپێ لە نوێترین دەرکەوتنی لەگەڵ کەناڵی telefoot لەبارەی چارنوسی خۆی دەڵێت '' من زۆر ئارام و لەسەرخۆم و هەر بەم شێوەیەش بەشداری یۆرۆ دەکەم، خەڵک پێش ئەوەی پاڵەوانتیەکە واتە یۆرۆ2024 دەست پێبکات، لە چارەنوسی من ئاگادار دەبن و ئەو کاتە خۆم یەکلایی دەکەمەوە ''.

گۆڵکارەکەی یانەی پاریس سانجێرمان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت '' داهاتووی من چیدیکە بابەتێکی گەورە و گرنگ نییە لە یانەکەدا، ئێستا هیش کەس قسەم لەگەڵ ناکات، دەمەوێت زۆر ئارام بم و ئامادەکاری باش و گەورەم بۆ یۆرۆ کردووە ''.

ئێمباپێ ساڵانێکە بووەتە ئامانجی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، بەڵام دواجار بڕیاری مانەوەی لە یانەکەیداوە، بۆیە هاندەرانی یانە ئیسپانیەکە بڕوایان بە هاتنی ئەو یاریزانە نەماوە.