ئەلینا رۆمانۆوسکی: بەهۆی بەردەوامی هەڕەشەکانی داعشەوە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق تەواونەبووە
K24 – هەولێر:
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق رایگەیاند: رێکخراوی داعش تاوەکو ئێستا سەرچاوەی هەڕەشەیە لەسەر عێراق و بەم هۆیەشەوە، ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کۆتایی نەهاتووە.
رۆژی یەکشەممە (24ـی ئاداری 2024) ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمهریكا لە عێراق رایگەیاند، هێرشەکەی داعش لە رووسیا، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە پێویستە شکست بەو رێکخراوە بهێندرێت لە هەموو شوێنێک.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە دیدارێکی لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، جەختی لە بەردەوامی هەڕشەکانی داعش لەسەر عێراق کردووەتەوە و رایگەیاندووە: ئەرکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان کە ئەمەریکا سەرکردایەتی بۆ لەناوبردنی ئەو رێکخراوە بەشێوەیەکی تەواو، تاوەکو ئێستا کۆتایی نەهاتووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چەندین جار بەرپرسانی باڵای عێراق کۆتاییهاتنی داعش و رەواندنەوەی مەترسییەکانی ئەو رێکخراوەیان دووپاتکردووەتەوە و داوای کۆتاییپێهێنانی ئەرکی هاوپەیمانیان لە وڵاتەکەیان کردووە.
تاوەکو ئێستاش ماوە ماوە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، داعش چالاکی سەربازی دژی هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەنجامدەدات و راپۆرتە هەواڵییەکانیش باس لە بوونی هاتووچۆی چەکدارانی ئەو رێکخراوە دەکەن لە نێوان هەردوو سنووری عێراق و سووریا.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی (22ی ئاداری 2024) ژمارەیەک چەکدار هێرشیانکردە سەر هۆڵی کرۆکوسی ئاهەنگگێڕان لە شاری کڕاسنۆگۆرسکی نزیک مۆسکۆی پایتەخت کە دواتر رێکخراوی داعش بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت.
رۆژی دواتریش لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە رایگهیاند، ژمارهی کوژراوانی هێرشه چهكدارییهكەی نزیک مۆسکۆ، گهیشته 133 كهس و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەس.