ڕۆمانۆوسکی: داعش هێشتا هەڕەشەیە لەسەر عێراق

K24 - هەولێر

ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند، داعش هێشتا مەترسی لەسەر عێراق دروست دەکات، گوتیشی: کاری هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتیی واشنتن لەگەڵ عێراق بۆ شکستپێهێنانی تەواوەتی ئەو ڕێکخراوەیە کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە.

ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند: هەردوولامان دەزانین کە داعش هەڕەشەیە لەسەر عێراق، هەرچەندە بەشێوەیەکی بەرچاو چالاکییەکانیان کەم بووەتەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا کارەکانمان تەواو نەبووە و دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی هێزە عێراقییەکان دەتوانن بەردەوام بن لە شکستپێهێنانی داعش، ئاماژەی بەوەش کرد، "داعش دوژمنی هاوبەشە کە دەبێت لە هەموو شوێنێکدا شکستی پێبهێنرێت".

ڕۆمانۆوسکی جەختی کردەوە: "ئەمەریکا و عێراق پابەندبوونێکی هاوبەشیان هەیە بۆ شکستپێهێنانی داعش، لەوانەش کارکردنی پێکەوەیی بۆ داڕشتنی پلانێکی ئەمنیی دوولایەنەی بەهێز لە نێوان ئەمەریکا و عێراق بۆ داهاتوو".

ئاماژەی بەوەش کرد، "کارەکانی هاوپەیمانییەکە ماوەیەک دەخایەنێت تا تەواو دەبێت".

بەرپرسانی باڵای عێراق لەوانە محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چەندین جار ڕایانگەیاندووە، ئەو ڕێکخراوە چیتر مەترسیی نییە لەسەر عێراق، هەروەها پێویستییان بە هاوپەیمانان نەماوە.

بڕیارە ڕۆژی 15ـی نیسانی داهاتوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتن لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە و تاوتوێی زۆر پرس بکرێت، لەوانە ئایندەی هاوپەیمانان.