سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن داوای دیداری لووتکە لە سەرۆکی کۆریای باکوور دەکات
K24 - هەولێر
فۆمیۆ کیشیدا سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە بەردەم پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، گرنگە لە ئاستی باڵا لەگەڵ کۆریای باکوور دانووستان بکرێت بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە کاتێکدایە کیم یو ئون, خوشکی کیم جون ئون سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی وڵاتەکەی ئاشکرای کردووە، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن داوای دیداری لووتکەی لە کیم جون ئون کردووە.
خوشکەکەی جون ئون ئاماژەی داوە، لەم نزیکانە لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی کاروبارەکانی وڵات لە کۆماری دیموکراتیی کۆریا بابەتی دیداری لووتکەیی تاوتوێ دەکرێت و وەڵامی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن دەدرێتەوە.
هەروەها فۆمیۆ کیشیدا سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تۆکیۆ و پیۆنگ یانگ ڕایگەیاندووە، گرنگ ئەوەیە گفتوگۆکان لە ئاستی باڵا و لە پێناو چارەکردن و کۆتاییهێنان بە ململانێکان بێت، لە نێویاندا دۆسیەی ڕفاندنی هاووڵاتییانی ژاپۆن.
ژاپۆن و کۆریای باکوور هیچ پەیوەندییەکی دیبلۆماتییان لە نێواندا نییە، بەڵام چەندین ساڵە لە سەر دۆسییەی ڕفاندنی ژمارەیەک هاووڵاتیی ژاپۆنی لەلایەن کۆریای باکوور لە دەیەکانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، شاندە دیبلۆماتییە ژاپۆنییەکان بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی کۆریای باکوور دانووستانیان دەکرد.