به‌هۆی راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان 11 ملیار دۆلار زیان بە داهاتی عێراق کەوتووە

كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان
كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

دوای ساڵێک لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا، 11 ملیار دۆلار زیان بە داهاتی عێراق کەوتووە و 400 ملیۆن دۆلاریش وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکور راوەستاوە.

 سەرەڕای ئامادەیی حکومەتی تورکیا و هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق ئامادە نییە هەناردەی نەوت دەسپێبکاتەوە، ئەپیکوریش دەڵێ، پێویستە بەزووترین کات هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە و ئەوەی لەسەری رێککەوتوون وەک خۆی بمێنێتەوە.

هەناردەکردنەوەی نەوت و داواکارییەکانی ئەپیکور:

هەر زیادكردنێك، پێویستە لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی ئەپیكور رێككەوتنی لەسەر بكرێت

پێویستە دڵنیایی بدرێت لە پێدانی پارەی هەناردەی نەوت لە رابردوو و بۆ داهاتووش

پێویستە پارەی فرۆشی نەوتی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور، راستەوخۆ بدرێتە ئەو كۆمپانیانە

پێویستە شێواز و رێككەوتنە بازرگانی و ئابوورییەكانی ئێستای كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور وەك خۆی بمێنێتەوە

زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور راوەستاوه‌

دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵێک بەسەر راگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا، هێشتا حکومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم نەگرتووەتەبەر، سەرەڕای ئەوەی مانگانە نزیکەی ملیارێک دۆلار زیان بە داهاتی وڵاتەکە دەگات.

حکومەتی تورکیا و هەرێمی کوردستان بەگوێرەی رێککەوتن، ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا دەربڕیوە، بەڵام حکومەتی عێراق ئامادە نییە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپیبکاتەوە.

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور، داوا دەکات هەرچی زووە وەبەرهێنان و هەناردەی تەواوەتی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا دەستپێبکاتەوە.

لە دوایین راگەیاندراویشی بەبۆنەی ساڵیادی راگرتنی هەناردەی نەوت، ئەپیکور جەختدەکاتەوە، "هەر زیادكردنێك، پێویستە لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی ئەپیكور رێككەوتنی لەسەر بكرێت" "پێویستە دڵنیایی بدرێت لە پێدانی پارەی هەناردەی نەوت لە رابردوو و بۆ داهاتووش".

ئەپیکور دەشڵێت، "پێویستە راستەوخۆ پارەی فرۆشی نەوتی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور، راستەوخۆ بدرێتە ئەو كۆمپانیانە"

"پێویستە شێواز و رێككەوتنە بازرگانی و ئابوورییەكانی ئێستای كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور وەك خۆی بمێنێتەوە"

دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق، بە شێوەیەکی نادەستووری یاسای نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە نادەستووری دانا. سەبارەت بە دەستووریبوونی ئەم یاسایەش، دادوەرێکی ئەمەریکی نێودەوڵەتی توێژینەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و جەختدەکاتەوە، بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی نادەستوورییە و ماددەکانی 110، 114، 115 و 121ی دەستووری عێراق، دەسەڵات دەدەنە هەرێمەکان تاکو لە ناوچەکانی خۆیان نەوت و گاز بەرهەمبهێنن.

ئاشکراشیدەکات، دەستووری عێراق، دەسەڵاتی هەرێمەکان لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەکانیان سنووردار ناکات.

بەگوێرەی دەستووری عێراق لە 2005 هەرێمەکان مافی ئەوەیان هەیە لە ناوچەکانی خۆیان نەوت و گاز بەرهەمبهێنن و ئیدارەشی بدەن.

سەرەڕای دەستووری بوونی یاسای نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە 15ی شوباتی 2022 دادگەی باڵای فیدراڵی ئەو یاسایەی بە نادەستووری دانا.

سەبارەت بە دەستووریبوونی یاسای نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندینجار باس لە دەستووریبوونی ئەو یاسایە کراوە، لەوانەش ستیفن شوێبڵ دادوەری ئەمه‌ریکی نێودەوڵەتی و دادوەری پێشووی دادگە بەڕێوەبردنی بانکی جیهانی توێژینەوەیەکی لەسەر دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و دەستووریبوونی یاسای نەوت و گازی حکومەتی هەرێم بڵاوکردووەتەوە، و پشتگیرییەکی گەورە لە مافە دەستوورییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی نەوت و گاز.

Fly Erbil Advertisment