بارزانى: ده‌بێت ماف و ئاينده‌ى ئێزدى و مه‌سيحييه‌كانى مووسڵ زامن بكرێت

K24 – هه‌ولێر:

مەسعود بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مڕۆ له‌ سه‌لاحه‌دين پێشوازی لە فرانز جۆزێف كرێمپ باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و ستاییشی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوە و سەركردایەتیكردنی شەڕی تیرۆر و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی ئاگاداری ئەو تەحەدیاتە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەیە كە ڕووبەڕووی خەڵكی كوردستان بووە و وێڕای ئاماژەدان بە دۆستایەتیی گەلی كوردستان و ئەڵمانیا ئەوەی خستەڕوو كە جالیەی كورد لە وڵاتەكەی زۆر بە باشی لەگەڵ كۆمەڵگەی ئەڵمانیا پێكەوە بەستراون و هیوای ئەوەیشی خواست كە گەلی كوردستان قەیرانەكان بە زوویی و بە سەركەوتوویی تێبپەڕێنێت.

لەبەرامبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە بوونە و هاوكارییە سەربازییەكانی ئەڵمانیا كاریگەریی باشی لە هاوكێشە سەربازییەكانی نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستاندا هەبووە. ڕاشیگەیاند كە گەلی كوردستان گەلی ئەڵمانیا بە دۆستێكی نزیكی خۆی دەزانێت.

هەر لەم دیدارەدا باس لە شەڕی تیرۆریستان و ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لە پێویستیی بوونی ڕێككەوتنێكی سیاسیی بەر لە ئازادكردنی موسڵ لەنێوان لایەنەكان كردەوە و، ئاماژەیشی بە پێكهاتەی دیموگرافیی پارێزگای نەینەوا دا و بە پێویستی زانی كە ماف و ئاییندەی پێكهاتەكان بە تایبەت ئێزیدی و مەسیحییەكان لەو پارێزگایە زامن بكرێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ عێراق و ئەو نەهامەتییانەی لە ئەنجامی پێشێلكردنی شەراكەت لە لایەن حكوومەتەكانی عێراقی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە. هەروەها باسیش لە ئاییندەی گەلی كوردستان و عێراق و ڕێگەكانی كۆتاییهێنان بە گرفت و قەیرانەكان كرا.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان