هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و سووریا دەدرێت

هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و سووریا دەدرێت
هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و سووریا دەدرێت

K24 - هەولێر 

چەند ڕۆژێکە بەرپرسانی بەغدا و واشنتن هۆشداری لە بەردەوامی مەترسییەکانی داعش لە عێراق دەدەن. وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی ڕایگەیاند، "عێراق و ئەمەریکا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هاوبەشن". وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش دووپاتیکردەوە، هێشتا داعش لە عێراق ماوە و مەترسییەکی جددییە.  

15ی نیسان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەچێتە واشنتن و لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە. یەکێک لە تەوەرەکانیشی پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە، کە چەند ڕۆژێکە بەرپرسانی ئەمەریکا هۆشداریی لە مەترسییەکانی داعش لە عێراق دەدەن.

لە کۆبوونەوەی نێوان فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاوتا ئەمەریکییەکەی لە واشنتن، تیشک خرایە سەر مەترسییەکانی تیرۆر. وەزیری دەرەوەیی عێراق ڕایگەیاند، عێراق و ئەمەریکا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هاوبەشن، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لە سەردانەکەی بۆ واشنتن گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەکات.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: "جێگەی خۆشحاڵییە لێرەم و گفتوگۆ بكەین لەبارەی چەند بابەتێك، لەوانەش بابەتە دوولایەنەكان و هاوبەشیمان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش. لەم هاوبەشییە بەردەوام دەبین و شەڕ دژی تیرۆریزم ئەركمانە. كارێكی باشمان كردووە لە رووخاندنی ئەوەی پێی دەوترا خەلافەتی تیرۆری داعش. هاوبەشین لە بنیانانی ئابووریمان و كاركردنی پێكەوەیی لە چەند بوارێكی دیكە. چاوەڕێ دەكەین سەرۆكوەزیرانمان بێتە واشنتن، گفتوگۆشمان دەبێت لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئاڵۆزییەكانی ئەو ناوچەیە."

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش ئاماژەی بەوەدا، هێشتا داعش لە عێراق ماوە و مەترسییەکی جددیشە، دەبێت دڵنیابن لەوەی جارێکی دیکە سەرهەڵناداتەوە.

ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، "بەداخەوە هێشتا داعش ماوە و هەڕەشەیەكی جدییە. هێرشەكەی مۆسكۆ ئەوەمان پێدەڵێت داعش هێشتا هێزی ماوە و دەبێ بەردەوامین لە رووبەرووبوونەوەی بۆ دڵنیا بوونەوە لەوەی جارێكی دیكە سەرهەڵناداتەوە".

لەلایەکی دیکەشەوە، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، داعش هێشتا هەڕەشەی راستەقینەیە و هۆکاری مانەوەشیان لە عێراق و سووریا بۆ لەناوبردنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەیە.

سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا گوتی، "بەڵێ، داعش هێشتا هەڕەشەیەکی راستەقینەیە. ئەمەش ئەو هۆکار و ئەرکەیە ئێمە لە سووریا و عێراقین، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لە تێکشکانی داعش. ئەمە رێک ئەو هۆکارەیە سەربازەکانمان لە ناوچەکەن. بێگومان بوونی ئێمە لە ناوچەکە یارمەتیدەربووە بۆ تێکشکانی داعش، لەگەڵ ئەوەشدا هاوپەیمانەکانمان، چ هێزەکانی عێراق یانیش حەسەدە لە هەوڵەکانمان بۆ تێکشکاندنی داعش بەرز دەنرخێنین."

ئەمەش لەکاتێدایە، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی دیکەی عێراق، چەندینجار گوتوویانە داعش کۆتایی هاتووە و هیچ مەترسییەکی لە عێراق نەماوە، چیدیکەش پێویست ناکات هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکە بمێننەوە.