به‌سره.. چه‌رده‌یه‌ك له نێوان مێژووی سیاسی و هه‌وڵه‌كان بۆ سه‌ربه‌خۆیی و به‌هه‌رێمبوون
K24 - هەولێر:
به‌سره، وه‌ك گه‌وره‌ترین پارێزگای عێراق مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌نده، هاوكات به درێژایی مێژووه‌كه‌ی ناوه‌ندێكی سیاسی بووه و یه‌كێك له ڕووخساره سیاسییه‌كانیشی ئه‌و ململانێیه مێژووییه بووه بۆ سه‌ربه‌خۆیی پارێزگاكه و به‌هه‌رێمكردنی، كه تا ئێستایش هه‌وڵه‌كان له‌م پێناوه‌دا به‌رده‌وامن. مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ساڵی 2022 له ناوه‌ندیی چاتام هاوسی بریتانیا گوتارێكی به‌ناووبانگی پێشكه‌ش كرد و له په‌راوێزی گوتاره‌كه‌یدا كه گوزارشتی له سیستمی كۆنفیدراڵی ده‌كرد، تیشكی خسته سه‌ر نه‌هامه‌تییه‌كانی پارێزگاكه و ئامانجی دانیشتووانه‌كه‌ی بۆ به‌هه‌رێمبوونی شاره‌كه‌یان كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هه‌رێمی كوردستانیان به نموونه‌ی پێشه‌نگی خۆیان داناوه.
ڕۆڵی بازرگانی و دیپلۆماسیی عه‌بدوللـه‌تیف مه‌ندیل
عه‌بدوللـه‌تیف ئیبراهیم پاشا مه‌ندیل دۆسه‌ری ساڵی 1868 له به‌سره له دایك بووه و ساڵی 1940 كۆچی دوایی كردووه. ئیبراهیم پاشای باوكی ساڵی 1837 له ناوچه‌ی سه‌دیر له سعوودیه‌وە به‌ره‌و عێراق و به‌دیاریكراویش بۆ ناوچه‌ی زوبێر له خوارووی عێراق ئاواره بووه. مه‌ندیل، كه متمانه‌ی عه‌بدولعه‌زیز بن سعوود، دامەزرێنەری شانشینی سعوودیەی به ده‌ست هێناوه و ڕۆڵی سه‌ره‌كیی له گفتوگۆ و دانوستانه دیپلۆماسییه گرنگه‌كان له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كانی ناوچه‌كه و به‌ریتانیا هه‌بووه، یه‌كێك بووه له‌وانه‌ی داوای سه‌ربه‌خۆیی به‌سره‌ی كردووه.
ئه‌مین ڕه‌یحانی له كتێبی "پاشاكانی عه‌ره‌ب"ـدا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، ماڵباتی عه‌بدوللـه‌تیف دوای نیشته‌جێبوونیان له زوبێر، ڕۆڵێكی گه‌وره‌یان له بواری بازرگانیی له نێوان به‌غدا – به‌سره - هیند بینیوه و توانیویانه پێگه‌یه‌كی گه‌وره بۆ خۆیان له بواری بازرگانی و كۆمه‌ڵایه‌تی دواتریش سیاسیی دروست بكه‌ن.
ئیبراهیم پاشا، متمانه‌پێكراوی شا عه‌بدولعه‌زیزی شای سعوودیه بووه، كه دواتر ڕۆڵی جیاجیای له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان شا عه‌بدولعه‌زیز و توركه‌كان له‌لایه‌ك و شا عه‌بدولعه‌زیز و ئینگلیزه‌كان له‌لایه‌كی دیكه بینیوه.
عەبدولڕەزاق عەلی لە کتێبی "ئیمارەتی زوبەیر لە نێوان دوو کۆچ"ـدا ئاماژەی بەوە کردووە کە فەرمان بە عه‌بدوللـه‌تیف كراوه بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌سته‌نبۆڵ بخوێنێت و فێری زانسته سه‌ربازییه‌كان و یاسا ببێت، دواتریش گه‌ڕاوه‌ته‌وه به‌سره.
مەحموود شاکر له کتێبی ئینسیکلۆپیدیای مێژووی کەنداوی عەرەبی"ـدا باسی له‌وه كردووه، دوای سەرهەڵدانی جه‌نگی بەڵکان لە ساڵی 1913ـدا، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ناچار بوو ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی خۆی لە نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌بی -نه‌جد- (سعوودیه) بکشێنێتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی بوڵگاریا بۆ سەر ئەدیرنە و ئه‌مه‌یش بووه دەرفەتێک کە عەبدولعەزیز ئال سعوود سوودی لێ وەرگرت و هێرشی کردە سەر ئەحسا.
عەبدوللەتیف مەندیل ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان عه‌بدولعه‌زیز سعوود و جەمال پاشا، والی بەغدا بینی بۆ ئەوەی ئه‌حسا بەبێ شەڕ ڕادەست بکات، بەڵام هەوڵەکانی نێوەندگیری شکستی هێنا، چونکە سەرکردەی عوسمانییەکان ئەوەندە توند بوو لە داواکارییەکانیدا کە تەنانەت هەڕەشەی داگیرکردنی نەجدیان کرد.
شا عه‌بدولعه‌زیز سەرکەوتوو بوو لە جێبەجێکردنی پلانەکەی و دەستی بەسەر ئەحسادا گرت و عوسمانییه‌كانی له ناوچه‌كه‌دا وه‌ده‌رنا. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا مه‌ندیل ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە دانانی پایه‌كانی ده‌وڵه‌تی سعوودیه.
هەر لەو ساڵەدا بەریتانیا چاودێریی شا عه‌بدولعه‌زیزی دەکرد کە 20 هەزار ڕوپیەی وەک دیاری بۆ تاڵیب کاپتن، والی بەسرە نارد بۆ ئەوەی ڕەزامەندی خۆی بەدەست بهێنێت و پێگەی خۆی لە بەردەم عوسمانییەکان بەهێزتر بکات. له‌و باره‌یه‌وه مه‌یجه‌ر نۆكس، نوێنه‌ری به‌ریتانیا له كوه‌یت برووسكه‌یه‌كی بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ناردووه و ئه‌و بابه‌ته‌ی پشتڕاست كردووه‌ته‌وه، كه به‌ریتانییه‌كان مه‌به‌ستیان بووه پشتیوانی له سه‌ربه‌خۆیی به‌سره بكه‌ن.
دوای ئەوەی عەبدولعەزیز دەستی کرد بە دانانی بناغەکانی دەوڵەتی نوێی سعوودیه، مەندیلی ڕاسپارد بۆ بەڕێوەبردنی یەکەم بەندەری سەر کەنداو ناسراو بە بەندەری ئەلعقایر بوو. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش مه‌ندیل بەرپرسیارییەتی ڕێکخستنی مەرجەکانی و بەڕێوەبردنی کاروباری گومرگی لە ئەستۆ گرت.
حافز وەهبا، لە کتێبی "نیمچە دورگەی عەرەبی لە سەدەی بیستەمدا" دەڵێت: "بە درێژایی جەنگی یه‌كه‌می جیهانی، عەبدولـلەتیف داب و نەریتی نەجدی ڕێکخست و بەهاکەی لە 5 هەزار لیرە بۆ 20 هەزار لیره بەرز کردەوە".
جگە لەم ئەرکانە، مەندیل بۆ چەندین ساڵ ڕۆڵی ئەفسەری سەرەکیی پەیوەندی نێوان شا عه‌بدولعه‌زیز و پێرسی کۆکس، نوێنەری بەریتانیای لە کەنداو بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر پرسە ناوچەییەکان بینی. حاکم موتەیری لە کتێبی "مەدینە و دوا گەمارۆ"ـدا باسی له‌وه كردووه، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1914، شا عه‌بدولعه‌زیز نامه‌یه‌كی بۆ کۆکس نووسیوه و باسی لەوە کردووە کە مەندیل و بنەماڵەکەی "شایەنی ڕێزگرتنن". هاوكات كۆكس وەڵامی داوه‌ته‌وه و پێی ڕاگه‌یاندووه كه په‌رۆش و خه‌مخۆری خۆی بۆ مه‌ندیل دووپات ده‌كاته‌وه نه‌خاسمه كه ڕۆڵی سیاسی گه‌وره ده‌بینێت.
ساڵی 1922 دیدارێکی گرنگ بۆ دیاریکردنی سنوورەکانی نێوان شانشینی نەجد - کە هێشتا نەبووبووه سعودیە - و کوەیت و عێراق بەڕێوە چوو. کۆبوونەوەی شا عه‌بدولعه‌زیز و کۆکس و دوو شاندی یاوەرییان به‌ڕێوه چوو. خالد سەعدون لە کتێبی "پەیوەندییەکانی نێوان نەجد و کوەیت"ـدا له‌و باره‌یه‌وه تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا شا عه‌بدولعه‌زیز داوای کرد سنوورەکانی دەوڵەتی نوێی خۆی تا ڕووباری فورات درێژ بکرێتەوە، به‌ڵام شاندی عێراق ڕه‌تی كرده‌وه ته‌نانه‌ت 200 میل له فورات جیا بكرێته‌وه. هاوكات کاتێک کاتی دیاریکردنی سنوور لەگەڵ کوەیت هات، مەندیل بە توندی بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی نەجد کرد دوای ئەوەی بوونی ناوچەیەکی سنووریی له نێوان نەجد و کوەیت ڕەت کردەوە بەهۆی ئەگەری بوونی نەوت له‌و ناوچه‌یه‌دا.
چالاکییه‌كانی مه‌ندیل لەسەر گۆڕەپانی عێراقدا
سەرقاڵبوونی عه‌بدوللـه‌تیف مەندیل بە پاڵپشتیکردنی ئیبن سعوود ڕێگر نەبوو لەوەی لە ناوخۆی عێراقیشدا کار بکات، لە ولایەتی بەسرە چالاک بوو و یەکێک بوو لە پیاوە دیارەکانی سەردەمی عوسمانی و ئینگلیز.
دوای ئەوەی عێراق کەوتە ژێر ئینتیدابی بەریتانیا، مەندیل لە ساڵی 1914 تا 1919 بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی چاودێری و سه‌رپه‌رشتی، لە دوای "شۆڕشی بیستەم" بەریتانیا، سێر ئارنۆڵد ویڵسۆن، نوێنەری خۆی بە سێر پێرسی کۆکس گۆڕی بۆ بەڕێوەبردنی عێراق بەشێوەیەکی تر، کە تێیدا خەڵکی وڵات ڕۆڵی گەورەتریان لە ئیدارەدانی خۆیاندا هەبوو.
کۆکس، سه‌رپه‌رشتی پێکهێنانی یەکەمین حکوومەتی عێراقی بە سەرۆکایەتیی عەبدولڕەحمان نەقیب کرد، کە تێیدا عه‌بدوللـه‌تیف مەندیل وەک وەزیری بازرگانی دەستنیشان کرا. بەگوێرەی عه‌بدوللـه‌تیف شەنقیتی نووسه‌ری کتێبی "ناودارانی بیری ئیسلامی لە بەسڕە" مەندیل سەرکردایەتیی شاندێکی کردووە بۆ دیداری سێر کۆکس لە ساڵی 1921 و داوای لێ کردووە به‌سره له عێراق جیا بكرێته‌وه.
فەریق خەلیل ئیبراهیم له کتێبی "ڕووخانی عەبدولکەریم قاسم"ـدا ڕوونی كردووه‌ته‌وه، ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکانی عێراق دژایەتیی داواكارییه‌كه‌ی مه‌ندیلیان كردووه و هانی کۆمیسیاری باڵای بەریتانیایان داوە کە پشتگوێی بخات، بەڵام مه‌ندیل چه‌ند جارێكی دیكه داواكارییه‌كه‌ی پێشكه‌ش به كۆكس كردووه‌ته‌وه.
کاتێک دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق ڕاگەیەندرا، مەندیل ڕووبه‌ڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت بووه‌وه، دوای ئەوەی عێراق کەوتە ژێر دەسەڵاتی هاشمیەکانەوە، کە دوژمنایەتییەکی زۆریان بەرامبەر سعوودییەکان هەبوو و بە خێرایی پێکدادانێک لە نێوان شا فەیسەڵی یەکەم و مەندیل ڕوویدا.
عەلی وەردی لە کتێبی "چه‌رده‌یه‌كی کۆمەڵایەتی لە مێژووی هاوچەرخی عێراق"، هەندێک لە وردەکارییەکانی ئەم قەیرانەی ئاشکرا کردووه و باسی له‌وه كردووه، ئه‌و پێكدادانه له ساڵی 1922 ڕوویدا، کاتێک پاشا داوای زیادکردنی بودجەی تەرخانکراوی بۆ بەرگریی لە عێراق کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی شوێنکەوتوانی شا عه‌بدولعه‌زیز بۆ سەر سنوورەکانی دەوڵەت؛ هاوكات ژمارەیەک له وەزیرهكانی عێراق لەوانهیش مەندیل ڕه‌تیان كرده‌وه بە پاساوی ئەوەی بەرگریی له دەوڵەت لە ئەستۆی حکوومەتی بەریتانیادایە نەک حکوومەتی عێراق، بە پشتبەستن بەو ڕێککەوتنەی نێوان هەردوولا مۆر کرابوو. هه‌ڵوێسته‌كه‌ی شا عه‌بدولعه‌زیز ئه‌و كات لەلایەن پاشا و ڕۆژنامە ناوخۆییەکانەوە ڕەخنەی لێ گیرا و به‌شێكیان به "لینینی نەجد" وەسفیان کرد. لەم بارودۆخه‌دا مەندیل بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ئال سعوود، ناچار بوو دەست لە کار بکێشێتەوە.
مەندیل دوابەدوای ناکۆکی لەگەڵ شا فەیسەڵ، لە ژیانی گشتی خانەنشین بوو و سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کارە بازرگانییەکانی بوو و سەرکەوتنی بە دەست هێنا. ڕۆژنامەی (ئەلناس) لە ساڵی 1939 مه‌ندیلی لە لیستی "گه‌وره موڵكداره‌كان"ـی به‌سره پۆلێن كرد. پاشان به‌هۆی نه‌خۆشییەوە له كۆتاییه‌كانی ساڵی 1940ـدا له كۆشكه‌كه‌ی خۆی له به‌سره كۆچی دوایی كرد و شاعیری به‌ناوبانگی عێراق مه‌عرووف ڕه‌سافی شیعری "عبد اللطيف بفضله جعل الورى .. أسرى مكارم أسرة المنديل"ـی بۆ هۆنییه‌وه.
مێژووی داواكاریی خه‌ڵكی به‌سره بۆ به‌هه‌رێمكردنی شاره‌كه‌یان
مێژووی داوا و خواستی بە هەرێمكردنی بەسرە بۆ سەرەتاكانی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1921 دەگەڕێتەوە، كاتێك ژمارەیەك لە كەسایەتی و ناودارانی شارەكە بە هاتنی مەلیك فەیسەڵ خواستیان بوو سیستمێك كە هاوشێوەی فیدراڵی بێ بۆ شارەكەیان پەسەند بكرێ و لەگەڵ كۆی عێراقدا یەك بگرێ، بۆ ئەو مەبەستەیش سەردانی بریتانیا-یان كرد و لە نووسینگەیەكی پارێزەراندا بەڵگەنامەی "دەستووریی یەکگرتنى نێوان عێراق و بەسرە"ـیان واژۆ كرد بۆ ئەوەی سنووری هەرێمی شارەكە دیاری بكرێ، بەڵام ئەو بیرۆكەیە بە لای شانشینی بریتانیا و مەلیك فەیسەڵ مایەی پەسندكردن نەبوو، بۆیە دواتر بیرۆكەكەیان بە جوداخوازی لە قەڵەم درا.
بەشێك لە مێژوونووسان و لێكۆڵەران و شارەزایانی بواری مێژوو و جوگرافیای پێیان وایە هەوڵەكان بۆ بەهەرێمكردنی بەسرە بۆ شۆڕشی سێقۆڵی عێراقی دەگەڕێتەوە، كاتێك هەریەك لە شێخ سلێمان شاوی شێخی هۆزی عوبێد، شێخ حەمەد ئال حموود، شێخی هۆزی خەزعەل و شێخ سوەینی عەبدیللا، شێخی یەكێتی هۆزی مونتەفیق (مونەتفیك) لە ساڵی 1787 ڕێككەوتنیان كرد و یەكیان گرت دژ بە دەسەڵاتی داوود پاشا والی بەغدای سەر بە خەلافەتی عوسمانی ڕاپەڕن . لە كۆتاییدا یەكگرتنەكە ڕاپەڕینێكی سەرتاسەری لە بەغدا تاكوو بەسرەی لێ كەوتەوە، لە ئەنجامدا داوود پاشا بەغدای بەرەو كەركووك بەجێ هێشت، بە پێی ڕێككەوتنی هەرسێ هۆزەكەیش سەعید شاوی وەك والی بەغدا دانرا و پاشان نامەیەكیان بۆ بابولعالی ئەستنەبۆڵ نارد و تێیدا ئاماژەیان بۆ ئەوە كردبوو كە بێجگە لە سوەینی عەبدیللا هیچ كەسێكی دیكە ناتوانێ عێراق لە عەجەمەكان بپارێزێ، كە دیارە مەبەست لە عوسمانی و مەمالیكەكان بوو .
زۆرێك لە ناوداران و كەسایەتییە سیاسی و یاساییەكان و ڕۆشنبیرانی بەسرە دوای ڕووخانی سەددام حسێن و دانانی دەستووری نوێی عێراق و پەسەندكردنی لە لایەن زۆرینەی عێراقییەكان و بە پشبەستن بە ماددەی (119) ـی دەستووری نوێی ئەو وڵاتە دووبارە داوای بە هەرێمكردنی شارەكەیان كرد. ساڵی 2008 یەكەمین هەوڵی لەو شێوەیە لە لایەن وائیل عەبدوللەتیف، دادوەر و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵێكی لەو شێوەیەی دا. ئەنجوومەنی پارێزگای ئەو شارە لە سەر پەسندكردنی بیرۆكەی بەهەرێمكردنی بەسرە پێ‌داگر بوو و خوازیاری ئەوە بوو هەر چی زووە پەلە بكرێ لە بەدیهێنانی ئەو داواكارییە. زوهرە بجاری، سەرۆکى لێژنەى ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە لە دیمانەیەكی میدیاییدا سەرنجی بۆ ئەزموونی هەرێمی كوردستان ڕاكێشابوو و ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو، لە سەردانێكی شاندێكی ئەنجوومەنی پارێزگاكەیان بۆ هەرێمی كوردستان، سەركەوتوویی بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ڕوون بووبووەوە، بە تایبەت كە كەرتەكانی ئابووری و ئاوەدانكردنەوە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە ئاستێكی شایستە بە هاوڵاتییاندا بوو. بجاری، سەرنجی خستبووە سەر ئەوەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان ئەوەی نیشاندا بوون، كە گڕوتینیان بۆ بەدیهێنانی خواستەكەیان زیاتر بێ و ڕۆڵەكانی بەسرە جۆش بدەن بۆ سووربوون لەسەر ئەو داواكارییەیان لە حكوومەتی ناوەندی. سەرباری ئەوەی حكوومەتی ناوەندی داواكارییەكە بە هەند وەرناگرێ، بەڵام خەڵكی شارەكە داواكارییەكەیان بەردەوام پێشكەش دەكەنەوە، بۆ نموونە 1ـی نیسانی 2014 ئەنجوومەنی پارێزگای ئەو شارە دەنگی بۆ بەرژەوەندی بەردەوامبوون لەسەر داوای بە هەرێمكردنی بەسرە دا، هەروەها لە 18ـی نیسانی 2019ـدا ئەسعەد ئەلعیدانی، پارێزگاری شارەكە داواكاریی خەڵكی شارەكەی بۆ بە هەرێمكردنی شارەكەیان بە ڕەوا و دەستووریی لە قەڵەم دا و داوای لە حكوومەتی عێراق كرد ڕێز لە ئیرادەیان بگرێ.
لە ساڵی 2008، وائیل عه‌بدوللـه‌تیف کە لەلایەن بەشێک لە خێڵەکانی بەسره پشتگیری دەکرا، 34 هەزار و 800 واژۆی بۆ بە هەرێمکردنی بەسره کۆکردەوە، بەڵام لە لایەن حزبی دەعوا و زۆرێک لە پارتە سیاسییەکانی دیکە ڕەت کرایەوە.
هێزێكی ئه‌منی جل رەشی نه‌ناسراو 12ـی ئەیلوولی 2023، هه‌ڵیانکوتایە سه‌ر ماڵی عه‌مار سه‌رحان، سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی به‌سره بۆ ڕۆشنبیریی فیدراڵی و هاوكات سه‌ركرده له حزبی فه‌یحای فیدراڵی و ناوبراویان ده‌ستگیر كرد.
سه‌رحان، یه‌كێكه چالاكوانه دیاره‌كانی پارێزگای به‌سره و له‌سه‌ر لیستی حزبی فه‌یحا، كه به‌هێزه‌وه داكۆكی له به‌هه‌رێمبوونی پارێزگای به‌سره ده‌كات، خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كاندید كردبوو كه له كۆتاییه‌كانی ساڵی ڕابردوو به‌ڕێوه‌چوو.
دوای ئه‌زموونه سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ده‌نگ به پارێزگابوونی به‌سره‌ش له ساڵی 2003ـه‌وه له‌و پارێزگایه سه‌ری هه‌ڵدا، به‌ڵام به‌هۆی ڕێگریه‌كانی حكوومه‌تی به‌غدا، ئه‌و ده‌نگه نه‌یتوانیوه ئامانجه‌كه‌ی بپێكێت، له‌كاتێكدا ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه، هه‌ر پارێزگایه‌ك یان زیاتر كه بیانه‌وێت ببنه خاوه‌نی هه‌رێمێكی فیدراڵ، ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی ڕاپرسییه‌وه ئه‌و پڕۆژه‌یه جێبه‌جێ بكه‌ن.
پێشتر ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسرە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، "لە عێراق دوای 2003 بابەتی لامەرکەزییەت بەرەوپێش چووە، ئێمە دڵنیاین بابەتی لامەرکەزییەت دەتوانێت دەوڵەت بونیات بنێت و بەشێکی تەواوکاری حکومەتی فیدراڵییە، بۆیە تەواوکاری حکومەتی فیدراڵی و حکومەتە خۆجێیەکان، عێراق بونیات دەنێت، بۆیە پێویستە ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆ پارێزگاکانی عێراق بگوازرێتەوە."
لەلای دیکەوە عەلی بەدران، چاودێری سیاسی، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە دابوو، داواکراوە بەسرە ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ بەهۆی نادادپەروەری حکومەتی عێراق بەرامبەر بەسرە، کە زیاتر لە %85ـی نەوت لە پارێزگای بەسرە بەرهەم دەهێنرێت، خەڵکی بەسرە دەزانن کە فەرمۆش کراون.
هاوکات ڕاشیگەیاندبوو، "زۆرێک لە خەڵکی ئێمە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، ئێمەش دەمانەوێت وەک هەرێمی کوردستان پیشکەوتوو بین و دەمانەوێت ئەزموونی پێشکەوتووی هەرێمی کوردستان بۆ بەسرە بگوازینەوە، هەموو شتێک لە هەرێمی کوردستان بە چاوی خۆمان دەبینین".
بەسرە دەکەوێتە باشووری عێراق و هاوسنوورە لەگەڵ کوێت و ئێران، مێژووی دروستبوونی بەسرە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 635ـی زایینی، 7 شارۆچکە و 16 شارەدێ کەوتوونەتە سنووری پارێزگاکە. ژمارەی دانیشتووانی بەسرە 3 ملیۆن و 142 هەزار و 446 کەسە، زۆرینەی دانیشووانەکەی شیعە مەزهەبن.
بەسرە دووەم گەورەترین شاری عێراقە، هەروەها لە ڕووی بەرهەمی نەوتی یەکێکە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی عێراق.
سووننەکانی پارێزگای بەسرە بەهۆی خراپیی دۆخی ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزاری، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و بێکارییه‌وه، خەون بەوەوە دەبینن پارێزگاکەیان بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆ بۆ ئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی هەرێمی کوردستان خاوەن پێگەی سیاسی و ئابووریی سه‌ربه‌خۆیی خۆیان بن.
پێشکەوتوویی و گەشەسەندوویی هەرێمی کوردستان، خواستی سووننەکانی عێراقی بۆ دروستکردنی هەرێمێکی سەربەخۆ زیاتر دەکات، خراپی دۆخی ئەمنی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و پشتگوێخراویی پارێزگا سووننەنشینەکان وایکردووە زیاتر لە هەموو کاتێک خەون بە دروستکردنی هەرێمێکەوە ببینن.
به‌راوردێك له نێوان دۆخی به‌سره و هه‌رێمی كوردستان
پارێزگای بەسرە ژمارەی دانیشتووانەکەی، نزیکەی سێ ملیۆن کەسە، بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی بێ‌کاری لە پارێزگاکەدا سەرووي 16٪ــیە، سەرەڕای ئەوەی داهاتی مانگانەی پارێزگاکە نزیکەی 50 ملیار دینارە، رێژەی هەژاری لە پارێزگاکەدا نزیکەی 50٪ـيه و سەرووی 1 ملیۆن و 500 هەزار کەسیش لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
ئەمە جیاواز لەوەی پارێزگاکە بەدەست کۆمەڵێک کێشەی دیکەوە دەناڵێنێت، وەک مەهدی تەمیمی بەرپرسی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە بە کوردستان24ــی راگەیاند، پارێزگاکە بەدەست دیاردەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرو، بارزگانیکردن بە جەستەی مرۆڤ و چەندین کێشەی دیکەوە دەناڵێنێت.
لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان ژمارەی دانیشتووانەکەی دووهێندەی پارێزگای بەسرەیە و بەگوێرەی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، ژمارەی دانیشتووانی هەرێم نزیکەی شه‌ش ملیۆن کەسە و رێژەی بێکاریی تێیدا سەدا 16.5ــە، سەرەڕای ئەوەی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم چەند ساڵە لە بەغداوە دەستی دەستی پێدەکرێت و هەوڵ بۆ برسییکردنی دانیشتووانەکەی دەدرێت، بەڵام رێژەی هەژاری لە هەرێمدا تەنیا لە سەدا 13٪ـە، دۆخی ئەمنییش لە هەرێمدا بەجۆرێکە، زۆرینەی دانیشتووانی شارەکانی عێراق، بۆ ژیانێکی ئارام و بەدەستهێنانی بژێوی ژیانییان، روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەمەش جگە لەوەی هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگ و باڵای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا هەیە و لە کۆڕ و کۆڕبەندە جیهانییەکاندا وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
هه‌وڵی سوننه‌كان بۆ به‌هه‌رێمكردنی ناوچه‌كه‌یان و به‌ربه‌ستی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سیستەمی فیدراڵی، یەکسانیبوونی ئەرک و مافە بۆ گشت نەتەوە و پێکهاتە پێکهێنەرەکانی دەوڵەتە فیدراڵییەکە، بەڵام وەک پسپۆڕان دەڵێن، ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت تەواو پێچەوانەی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵییەتە.
لەدوای 2003ـوە پێکهاتەی شیعە لە عێراق زۆرترین و هەستیارترین جومگەکانی دەسەڵاتییان گرتووەتە دەست، پێکهاتەیەکی وەکو سوننەش کە بە درێژایی نزیکەی 70 ساڵ حوکمڕانی عێراق بوون، هەست بە پەراوێزخراوی دەکەن، وەک یەکێک لە سەرکردەیەکانییان دەڵێت، کە پێکهاتەی سوننە لە عێراقدا بە خراپترین قۆناغدا تێدەپەڕێت.
مەشعان جبوری، کە سەرکردەیەکی دیاری سوننەکانە، لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوە کردبوو، ئەو سیاسییانەی حوکمڕانیی عێراق دەکەن، ستەم لە سوننە دەکەن و ئەو پێکهاتەیە پەراوێز دەخەن، ناوبراو هۆکاری ئەو پەراوێزخستن و ستەمکردنە لە سوننەکان لەلایەن حکومەتەکانی عێراقی دوای 2003 بۆ پاشکۆبوونی بڕیاربەدەستانی دەوڵەت بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەگەڕێنێتەوە.
له‌لایه‌كی دیكەوە، ناوەندی کارنیگی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، سیاسەتەکانی حکوومەتی نووری مالیکی بە چڕی کارکردن بووە لەسەر دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی سوننەکان لە جومگەکانی دەوڵەت و پرۆسەی سیاسی‌دا، دواتریش هیچکام لە کابینەکانی دوای مالیکی شتێکی جیاوازتریان پێشکەش نەکردووە و ئەمەش سوننەکانی زیاتر بێهیوا کردووە.
به بڕوای چاودێرانی سیاسی، نەبوونی ناسنامەیەکی یەکگرتوو کە سەرکردایەتی بزووتنەوەی سوننە بکات، ئەمەش وادەکات سوننەکانی
لەدوای دوورخستنەوەی حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لێکترازان لە ماڵی سوننەکان زیاتر ڕەنگی دایەوە و تاوەکو ئێستا لەسەر دانانی جێگرەوەی حەلبووسی رێک نەکەوتوون، بەشێوەیەک تەنیا لە پەرلەمانی عێراق، سوننەکان خاوەنی چەند فراکسیۆنێکن لەوانە، تەقەدوم، سیادە، حەزم، عەزم و سەدارە.
لەگەڵ ئەوەشدا، سوننەکان خەون بە دروستکردنی هەرێمی فیدراڵییەوە دەبینن، بەڵام بەهەموو شێوەیەک لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە دژایەتی دەکرێن، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە (18ـی شوباتی 2024) فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، دروستکردنی هەرێمی دیکە لە عێراق قبوڵ ناکەن، چونکە یەکپارچەیی خاکی وڵات دەخاتە مەترسییەوە.
به‌سره له په‌راوێزی گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له چاتام هاوسدا
سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له 20ـی نیسانی 2022ـدا گوتارێكی له په‌یمانگه‌ی پادشایی بۆ كاروباری نێوده‌وڵه‌تی چاتام هاوس (Chatham House) له به‌ریتانیا پێشكه‌ش كرد كه له كاتی خۆیدا به‌هه‌ند وه‌رگیرا و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی لێ كه‌وته‌وه.
گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له چاتام هاوس یه‌كێك بوو له گوتاره گرنگه‌كانی مێژووی گوتار و لێتوێژینه‌وه و ڕاپۆرته‌كانی ناوه‌نده‌كه و خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌ی جۆراوجۆر و بایه‌خداری به‌دوای خۆیدا هێنا و چه‌ندان ته‌وه‌ری جیاجیای له خۆ گرتبوو. ڕاستییه‌كه‌ی گوتاره‌كه ئازایه‌تی تێدا بوو، به شێوه‌یه‌ك بۆ یه‌كه‌م جار له دوای دروستبوونی حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق له ساڵی 2005، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی مۆدێلی سیستمی كۆنفیدراڵیی بۆ عێراق پێشنیاز كرد، وه‌ك ئەڵتهرناتیڤی فیدراڵی كه به هه‌موو پێوه‌ره یاسایی و ده‌ستووری و پڕاكتیكییه‌كان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و نه‌بووه‌ته مایه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق كه پەیڕه‌و لە فه‌رهه‌نگی فیدراڵی بكات و ئه‌رك و مافه‌كان له نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم و پارێزگاكان دابه‌ش بكات؛ به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی به درێژایی ساڵانی دروستبوونی ئه‌و سیستەمه له عێراق پێڕه‌و كراوه، بریتی بووه له دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیستەمی ناوه‌ندی و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مافی هه‌رێم و پارێزگاكان به هه‌مان شێوه‌ی كۆن كه گه‌لانی عێراق به ده‌ستییه‌وه دووچاری نه‌هامه‌تی و ناسه‌قامگیری و تێكچوونی باری ئاسایش و ژیانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بووبوونه‌وه، كه له‌و نێوه‌نده‌دا كورد له هه‌مووان زیاتر زه‌ره‌رمه‌ندتر و چه‌وساوه‌تر و ستهمدیدهتر بووه.
سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له كۆی گوتاره‌كه‌یدا تیشكی خسته سه‌ر پارێزگای به‌سره كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شارێكی ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت و سامانی سروشتی، به‌ڵام به‌هۆی دروستبوونی ئه‌و ناوهندییهتهی له به‌غدا هه‌یه و ناوی لێ نراوه فیدراڵی، خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ی عێراقی ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان قه‌یران و كێشه و گرفت كردووه‌ته‌وه، وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیران بارزانی سه‌رنجی بۆ ڕاكێشابوو كه ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی شاره‌كه له سه‌ره‌تاییترین مافه‌كانیان بێبه‌ش بوون، بۆیه به مافی خۆیانی زانی بوو ئه‌گه‌ر بڕیار له داهاتوویان بده‌ن، كه مه‌به‌ستی خواستی به‌هه‌رێمكردنی شاره‌كه بوو.