ناكۆكییەكانی نێوان عەبادی و جبووری قووڵتر دەبنەوە
سەندنەوەی متمانە لە وەزیری ناوخۆ، سووننەكان دوو كەرت دەكات

ھەوڵی سەندنەوەی متمانە لە خالید ئەلعوبێدی، وەزیری بەرگری عێراق، ناكۆكی نێوان حەیدەر عەبادی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و سەلیم جبووری، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق قووڵتر دەكاتەوە.
حەیدەر عەبادی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕەخنەی لە بڕیاری (بێتاوان نیشاندانی جبووری لە دۆسیەی گەندەڵی) گرت و گووتی: پێویست بوو دادگا بە شێنەیی لێكۆڵینەوەی لەو تۆمەتانە كردبووا كە وەزیری بەرگری ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی كردن، چونكە تۆمەتەكان لە كەسایەتییەكی وزارییەوە بوون و پێویستە بە ھەند وەربگیرێن. ھاوكات عەبادی داوای لە دادگاكان كرد، كە رۆڵی گەورەتر ببینن و بەم خێراییە حوكمەكانیان نەدەن.
دوای ئەو لێدوانەیی عەبادی، سەلیم جبووری، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە پەلە وەڵامی دایەوە و داوای لە دەسەڵاتی جێبەبێكردن كرد، دەست لە كاروباری دادگا وەرنەدات.
لە بەیاننامەیەكدا كە وەڵامە بۆ ھەڵوێستەكانی عەبادی، جبووری دەڵێ: من سەیرم بە دەستێوەردانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لە كاروباری دادگا و بۆچوونەكانی دێت لە بارەی دۆسیەیەك كە پەیوەستە بە ڕێوشوێنی دادوەری. جبووری ئاماژەی بەوەش كرد، كە سیستەمی حوكم لە عێراق لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان دامەزراوە و داوای لە بەرپرسانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن كرد، خەریكی كار و ئەركەكانی خۆیان بن و دەست وەرنەدەنە كاروباری دامەزراوەكانی یاسادانان و دادوەری.
ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەوەی سەندنەوەی متمانە لە خالید عوبێدی دەخاتە خشتەی دانیشتنی داھاتووی پەرلەمان، كە بڕیارە سێشەممەی داھاتوو ئەنجام بدرێ، جگە لە كاردانەوەكانی عەبادی، ھاوكات قەیرانێكی سیاسی و یاسایی لە نێو ریزەكانی (یەكێتیی ھێزەكانی)ی سووننەدا تەقاندەوە.