چابی بۆچی ئامادەنیە ببێتە راهێنەری بایرن میونشن و لیڤەرپوول؟

چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری بایەر لیڤەرکۆزن
چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری بایەر لیڤەرکۆزن

چابئ ئاڵۆنسۆ راهێنەری یانەی بایەر لیڤەرکۆزنی ئەڵمانیا، دوێنێ هەینی بە شێوەیەکی فەرمی رایگەیاند، وەرزی داهاتووش لەگەڵ یانەکەی بەردەوام دەبێت.

راهێنەرە ئیسپانیەکە ماوەیەک بوو لەلایەن یانەکانی لیڤەرپوول و بایرن میونشن هەوڵی رازیکردنی بۆ دەدرا، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەیان وەرگرێت، بەڵام ئەو راهێنەرە دوێنێ لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی هەردوو یانەی بێ هیوا کرد و مانەوەی لە یانەکەی راگەیاند.

رۆژنامەی ئاسی وەرزشی ئیسپانی بڵاویکردەوە، چابی ئارەزووی وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدرید دەکات، هەربۆیە داواکاری دوو یانەکەی دیکەی رەتکردووەتەوە، هەرچەندە راهێنەری یانە شاهانەکە واتە کارلۆ ئانچێلۆتی، تاوەکو ساڵی 2026 گرێبەستەکەی نوێکردووەتەوە.

سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە ئاڵۆنسۆ لە وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی ریاڵ مەدرید بێ هیوا نابێت و ئامادەیە تاوەکو کۆتایی هاتنی گرێبەستی راهێنەرە ئیتاڵیەکە چاوەڕێ بکات، بۆیە دەیەوێت تا ئەو کاتەی کارلیتۆ لە پۆستەکەی بەردەوامە، ئەویش لە پۆستەکەی بەردەوام بێت.