وەزیری کارەبای عێراق: ڕەنگە تاوەکو 20 ساڵی دیکەش پێویستیمان بە گازی ئێران بێت

K24 - هەولێر
سەرەڕای دەوڵەمەندیی خاکی عێراق لە نەوت و گاز، بەڵام هێشتاکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پەنا بۆ گازی سروشتیی دەرەوە دەبات. لە دوایین گرێبەستیشدا حکوومەتی عێراق، هاوردەکردنی گازی سروشتیی ئێرانی بۆ وڵاتەکەی بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە درێژ کردەوە.
عێراق، ئەو وڵاتەی هەر بستێکی خاکەکەی هەڵکۆڵیت، نەوت و گازی لێ دەردەچێت، بەڵام هەمیشە بۆ کڕینی وزە پەنای بۆ وڵاتانی دیکە بردووە، لەپێناو ئەوەی بتوانێت ڕۆژانە چەند کاتژمێرێکی کەم، ماڵی هاووڵاتیانی ڕووناک بکاتەوە.
لەدوایین گرێبەستیشدا، حکوومەتی عێراق، هاوردەکردنی گازی سروشتیی ئێرانی بۆ وڵاتەکەی بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە درێژ کردەوە، کە لە دوای ساڵی 2006ـەوە ئەمە پێنجەم گرێبەستە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا مۆر دەکرێت.
زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق لە پەراوێزی مۆرکردنی گرێبەستە نوێیەکەدا ڕایگەیاند، "گرێبەستەکە بەگوێرەی خواست و مەرجەکانی ئێران کراوە و ڕەنگە تاوەکو 20 ساڵی دیکەش بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا هەر پێویستیمان بە گازی ئێران بێت". وەزیری کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق پێویستی بە 35 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە لە ڕۆژێکدا، کە بەهۆی ئەو هەلومەرجەی ئێستا وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، ڕۆژانە تەنیا 20 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت و یەک لەسەر سێی ئەم کارەبایە بە گازی هاوردەکراو لە ئێرانەوە دابین دەکرێت.
هاوکات مەجید چێگێنی، جێگری وەزیری نەوتی ئێران بۆ کاروباری گاز، ڕایگەیاند: بەگوێرەی دوو گرێبەست لە ساڵی 2017ـوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 52 ملیار مەتری سێجا غاز بە بەهای 15 ملیار دۆلار لە ئێرانەوە بۆ عێراق هەناردە کراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا بەڵێنی ئەوەی دا لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا کێشەی کەمیی گازی سروشتی چارە دەکەن و چیدی پێویستیان بە هاوردەکردنی گاز نامێنێت، کە نەک ئەو بەڵێنە جێبەجێ نەکراوە بەڵکوو حکوومەت گرێبەستێکی بە بڕی 27 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی و چەندین کۆمپانیای دیکەی ئەوروپی و عەرەبی بۆ چارهی قهیرانی كارهبا له وڵات مۆر کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستە ئهنجامێكی وهها دڵخۆشكهریان نهبووه كه هاوینی ئهمساڵیش هاوشێوهی ساڵانی ڕابردوو هاووڵاتییان دووچاری كهمی و پچڕانی بهردهوامی كارهبا نهبنهوه.