دابەشبوونی وڵاتانی عەرەبی لەبارەی پرسی غەززە تادێت قووڵتردەبێتەوە
K24 - هەولێر
چەند رۆژێکە خۆپیشاندەرانی ئوردن دروشمی پشتیوانی بۆ حەماس و بەرەی مقاوەمە بەرزدەکەنەوە. حکوومەتی ئوردنیش گومانی هەیە دەستی دەرەکی خۆپیشاندەران ئاڕاستەبکات و هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی ئەو خۆپیشاندەرانەی دەستپێکردووە کە هەوڵی سووتاندنی باڵیۆزخانەی ئیسرائیلییان لە عەمان دا.
هێدی هێدی کاریگەرییەکانی دابەشبوونی وڵاتانی عەرەبی دەربارەی پرسی غەززە دەردەکەوێت، دابەشبوونەکە بەجۆرێک قوڵ و ئاڵۆزە وڵاتێکی وەکو ئوردن کە دەیان ساڵە ئاسایش و سەقامگیریی خۆی پاراستووە ئاگری ئاڵۆزی و ئاژاوە دەرگای لێگرتووە.
لە سەرەتای شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە خەڵکی ئوردن بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە، جار بە جار دەچنە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل؛ بەڵام بەمدواییانە ئاڕاستەی رووداوەکان بەجۆرێکی دیکەبوون، بەشێک لە خۆپیشاندەران کە میدیای ئوردنی بە فەڵەستینی ناویان دەبات دەستیان بە داخستنی رێگەکان کردووە و چەندجارێک هەوڵی سووتاندنی باڵیۆزخانەی ئیسرائیلییان لە عەممان داوە. ئەو خۆپیشاندەرانە داوا لە ئوردنییەکان دەکەن بچنە پاڵییان و هەڵوێستی حکوومەتی وڵاتەکەیان شەرمەزاربکەن.
حکوومەتی ئوردن ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانە بەدەستی دەرەکی دەزانێت بۆ تێکدانی سەقامگیرییەکەی و هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئاژاوەچییەکانی دەستپێکردووە. هەزاران پۆلیس و کەسانی ئەمنی لەسەر شەقامەکان جێگریکردووە.
خۆپیشاندەران دروشمی پشتیوانیکردنی حەماس بەرزدەکەنەوە و دروشم بۆ بەرەی مقاوەمە دەڵێننەوە، ئەمەش ترسی لای بەرپرسانی ئوردن دروستکردووە بەوەی وڵاتەکە لە ئاگری شەڕی غەززە تێوەبگلێت. تەنانەت دەنگۆی تێوەگلانی ئێرانیش لە هاندانی خۆپیشاندەرانی ئوردن هەیە.
ئەوەی ئەم گومانەی زیاتر کردووە راگەیەندراوێکی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراقە کە ئامادەیی خۆیان بۆ دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ بەرەی مقاوەمەی ئوردن دەربڕیوە.
لەبەرامبەردا هاوپەیمانی لەمێژیینەکانی ئوردن لەوانەش ئەمەریکا و سعودییە پشتیوانی بێ قەید و شەرتی خۆیان بۆ عەمان دووپاتدەکەنەوە و ئاسایشی ئەو وڵاتە بە بەشێک لە ئاسایشی خۆیان دەزانن.