دیندار زێباری: بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق لە تەشەنەکردندایە

K24 - هەولێر

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە پرێس کۆنفرانسێکی تایبەت لەسەر زانیاریی سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقلییەکان، گوتی: ئەو بابەتە دیاردەیەکە لە ئێستادا لە تەشەنەکردن و بەرزبوونەوەدایە لەسەر ئاستی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لەو وڵاتە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە مانگی 9ـی ساڵی 2023 یەکەم کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانمان لە هەولێر کرد، بە ئامادەبوونی حکوومەتی عێراق و بەسەرپەرشتی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی.

باسی لەوەشکرد، زیاتر لە 147 زانیاری بە ئیمەیل و نووسراو لەگەڵ لایەنە بیانییەکان و ناوخۆییەکان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئاڵوگۆڕکراوە، تاوەکو هەموومان پێکەوە زیاتر ئاشنای مەترسیەکان و بەرەنگاربوونەوەکان ببین.

دیندار زێباری ڕاشیگەیاند، ئاسایشی سنوورەکان بابەتێکی گرنگە، هەروەها ڕێنمایی و مەشق و ڕاهێنان بۆ ئەو ئەفسەرە ئەمنییانە دەستیپێکردووە کە بەرپرسیارەتییان هەیە لە سنوورەکە، هەروەها هەنگاوەکانمان لە ڕێگەی میدیا و ئەو فەرمانگانەی کە گرێدراون بە کاری میدیایی بۆ هۆشیارکردنەوە زیاتر کردووە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەشڵێت: سەرۆکی حکوومەت سەبارەت بەهاوکاری نێودەوڵەتی لە یەکەم پرێس کۆنفرانسدا لە مانگی 9ـی 2023دا بەڕاشکاوی گوتی: "پێویستمان بەهاوکاری نێودەوڵەتیی هەیە لەڕووی لۆجیستی و هونەری و تەکنیکی کە زۆر گرنگە بۆ ئەو پڕۆسەیە".   

دەشڵێت: هەندێک لە کونسوڵ و ئاژانسەکان هاتوونەتە سەر خەت بۆ ئەوەی دەست بە خولی ڕاهێنان بکەن، بۆ پێدانی هاوکاری هونەری تەکنیکی، تا شارەزایی حکوومەت بەرزتر بکرێت لەم پڕۆسەیە.

جەختیکردەوە، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا هەوڵەکانمان بۆ هۆشیارکردنەوە لە ڕێگەی مینبەری مزگەوتەکان و پەروەردە و خوێندنی باڵا و لە ڕێگەی میدیاکان زۆر باشبوونە بەڵام خواستان ئەوەی زیاتر ببێت.