جێرارد پیکێ تۆمەتبارە بە پێدانی بەرتیل بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا

جیرارد پیکێ یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا و سەرۆکی کۆمپانیای کۆسمۆس
جیرارد پیکێ یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا و سەرۆکی کۆمپانیای کۆسمۆس

تێوەگلانی جیرارد پیکێ ئەستێرەی پێشووی بارسێلۆنا لە دۆسیەیەکی بەرتیلدان، کە پەیوەندی بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیاوە هەیە شۆکێکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی" لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، کە پیکێ دەستی هەبووە لە گواستنەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا بۆ سعودیە لە ساڵی 2020.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: پۆلیسی شارستانی ئیسپانیا بەپێویستی زانیوە لێکۆڵینەوە لە پیکێ، سەرۆکی کۆمپانیای کۆسمۆس بکات، بۆئەوەی روونبێتەوە، ئایا یاریزانەکەی پێشووی بارسێلۆنا بەشداری لەو گرێبەستی گواستنەوەی پاڵەوانێتییەکە بۆ سعودیە کردووە و دیاریی بە لویس روبالێس یان بەرپرسانی دیکەی فیدراسیۆنی ئیسپانیا داوە یان نا؟

پۆلیس هەر دوای گەڕانەوەی لە کۆماری دۆمینیکان لە فڕۆکەخانەی مەدرید چاوەڕێی روبالێس بوو، پاش لێکۆڵینەوە سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانی جارێکی دیکە ئازاد کرایەوە.

بەپێی زانیارییەکان لەبارەی دۆسیەکەوە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا روبالێس لەلایەن دادوەرێکی تایبەتمەندەوە جارێکی دیکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێتەوە.