بەهای تومەنی ئێرانی بۆ نزمترین ئاستی مێژووی خۆی دابەزی

تومەن و دۆلار
تومەن و دۆلار

K24 - هەولێر

بەهای تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلار تادێت زیاتر دادەبەزێت و ئەمڕۆش لەژێر کاریگەری رووداوەکانی سیستان و بلوچستان، بەهای تومەنی ئێرانی بۆ نزمترین ئاستی مێژووی خۆی دابەزی.

ئێستا بەهای هەر 100 دۆلارێک بەرامبەرە بە شەش ملیۆن و 440 هەزار تومەنی ئێرانییە، ئەوەش نزمترین ئاستە دراوی ئێرانی لە مێژوودا بەخۆیەوە بینیوە.

دابەزینی ئەمجارەی بەهای تومەن پەیوەندی بە هێرشەکانی سەر هەردوو پارێزگای سیستان و بلوچستانە کە درەنگانێکی شەوی رابردوو روویاندا و بە هۆیانەوە چەند ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژران.

بەهای تومەنی ئێرانی بەشێوەیەکی خێرا بەردەوامە لە دابەزین، تەنها لە ماوەی سێ مانگی رابردووی ئەمساڵدا زیاتر لە %20ـی بەهاکەی لەدەستداوە و لە ساڵی رابردووشدا بەهای دۆلار بەرامبەر بە تومەنی ئێرانی بەرێژەی %43 بەرزبووەتەوە، کە ئەوەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابووری ئێران هەبووە.