جۆو بایدن هۆشداری بە ناتانیاهۆ دەدات

لای ڕاست(جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا) لای چەپ( بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل)
لای ڕاست(جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا) لای چەپ( بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل)

K24 - هەولێر

سەرۆکی ئەمەریکا هۆشدارییەکی توند ئاراستەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە.

بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار، پۆرتاڵی "ئەکسیۆس" ڕایگەیاند، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیوندییەکدا بە تەلەفۆن هۆشداری بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوە و پێی ڕاگەیاندووە، ئەگەر ئیسرائیل هەڵسوکەوت و هەڵوێستی خۆی لە غەززە نەگۆڕێت، چیتر لەلایەن ئەمەریکاوە هاوکاری ناکرێت.

بایدن لە پەیوەندییەکەدا مەبەستەکەی نەخستووەتە ڕوو، لە دەستدانی پشتیوانیی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل چییە، و لەم چوارچێوەیەشدا باسی ئەگەری وەستاندنی پێدانی چەک بۆ ئیسرائیل نەکردووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە گفتوگۆی نێوان بایدن و ناتانیاهۆ "توندترین" گفتوگۆ بووە، لە ڕووی تۆن و ناوەڕۆکەوە، ئەمەش لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەرەوە.

لای خۆیەوە کەناڵی "ئێن بی سی" نیوزی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکییەوە بڵاوی کردەوە، سێ هۆ هەن کە بوونەتە هۆی گۆڕانی هەڵوێستی سەرۆکی ئەمەریکا بەرامبەر ئیسرائیل، ئەوانیش کوشتنی کرێکارانی کۆمەک، بانگەوازی ڕۆژانەی هاوسەری بایدن بۆ ڕاگرتنی شەڕ و جموجۆڵی کۆمەڵگەی موسڵمان کە بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە پێگەی بایدن.

جۆن کیربی، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوانەی ئەمەریکا پێشبینی دەکات ئیسرائیل بیگرێتەبەر بریتین؛ لە زیادکردنی بڕی ئەو هاوکاریانەی دەگەنە غەززە، کردنەوەی دەروازەی زیاتر بۆ ناو غەززە، هەنگاونان بەرەو ئاگربەست و باشترکردنی پاراستنی مەدەنییەکان، لە کەرتی تایبەتە و هەروەها هاوکاری و پاراستنی کرێکارانی فریاگوزاری.

لای خۆیەوە کیربی گوتی: "ئەگەر گۆڕان لە سیاسەتەکەیاندا نەبێت، دەبێت گۆڕان لە سیاسەتی ئێمەدا هەبێت".

رۆژی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند ڕۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومان کرد کە بە هۆیەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیر کرد کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازاد کراون.