بێنزێما: ئێرە ریاڵ مەدرید نیە

کەریم بێنزێما
کەریم بێنزێما

کەریم بێنزێما هێرشبەری فەرەنسی یانەی ئیتیحادی سعوودی، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو، واتە مانگی دوازدەی ساڵی 2023، نەیتوانیوە هیچ گۆڵێک بۆ یانەکەی بکات، هەر ئەمەش وایکردووە هاندەرانی ئەو یانەیە رەخنەی زۆری لێبگرن و ئەویش باس لە هۆکارەکان دەکات.

هێرشبەرە فەرەنسیەکە هاوینی ساڵی 2023 دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید، ریزەکانی ئەو یانەیەی جێهێشت و بە مووچەیەکی خەیاڵی، پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ئیتیحادی سعوودیەوە کرد، ئەو یاریزانە سەرەتایەکی باشی لەگەڵ یانەکەی هەبوو، بەڵام دواتر رووبەڕووی بێ گۆڵی بووەوە.

بێنزێما لەوەتەی مانگی دوازدەی ساڵی رابردوو کە دەکاتە نزیکەی چوار مانگ، نەیتوانیوە هیچ گۆڵێک بۆ یانەکەی بکات، ئەو یاریزانە کاتێک پرسیاری هۆکارەکەی لێدەکرێت دەڵێت '' من هەمان بێنزیمای ریاڵ مەدرید نیم، لەبەر ئەوەی شێوازی یاریکردنی ئەو کات زۆر جیاوازە و هەمان یاریزانەکانیشم لەگەڵ نین ''.

هێرشبەرە فەرەنسیەکەی یانەی ئیتیحاد لە بەشێکی دیکەی قسەکانی بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ رەخنە لە بەرپرسانی یانەکەی دەگرێت و دەڵێت '' پێویستم بە یارمەتی هەیە لەناو یاریگا، پێویستم بە زۆر شتە، ناتوانم بە تەنیا یارییەکان ببەمەوە، منیش وەکو هەموو یاریزانەکان کەسێکم و هەموو هەوڵێکیش بۆ بردنەوە دەدەم ''.

دوایینجار کەریم بێنزێما گۆڵی بۆ یانەی ئیتیحادی سعوودی کردبێت، رۆژی 15/12/2023 بوو ئەو کات لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ئەهلی مسڕی لە مۆندیالی یانەکان بوو، لەو کاتەوە نەیتوانیوە هیچ گۆلێکی دیکە بۆ یانەکەی بکات.