ڕێباز حەملان: دابەشکردنی دوو مووچە ئەنجامی سەدا 100ـی هەوڵەکانی مەسرور بارزانی بووە

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

ڕێباز حەملان ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری دابەشکردنی دوو مووچە، ئەنجامی سەدا 100ـی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بووە. دەشڵێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی کرداری (ئینفاقی فیعلی) جیاکراوەتەوە. 

ئەمڕۆ شەممە، 06-04-2024، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بڕیاری دابەشکردنی دوو مووچەی فەرمانبەران لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، لە ئەنجامی سەدا 100ـی هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە؛ چونکە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرپرسانی ئەمەریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکە لەسەر هێڵ بووە".

وەکو ئەوەی یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی کرد، "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی شەو و ڕۆژی خستووەتە سەر یەک، بێ ماندووبوون و زۆر خۆڕاگرانە بەرگریی لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات".

رێباز حەملان گوتی، "کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا تەنها مووچە نییە؛ پرسی نەوتە، جێبەجێکردنی ماددەی 140، هێزەکانی پێشمەرگە، بودجەی گشتیی عێراق و چەند پرسێکی دیکەشە. خەڵک پرسی بودجە تەنها لە مووچەدا بچووک دەکاتەوە، مووچە بەشێکی بچووکی بودجەیە، بۆیە ئەو هەوڵانەی سەرۆکوەزیران داویەتی، تەنها بۆ مووچە نەبووە، بۆ هەموو مافە دەستوورییەکان بووە".

لەبارەی "هەوڵەکانی بەشێک لە لایەنەکان بۆ ڕێگریگریی لە مووچەی فەرمانبەران"، بە گوتەی یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "پێویستە ئەو لایەنانەی بەشدارن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بزانن نوێنەرانیان لە لوتکەی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە؛ لە ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەت و فەرمانگە گرنگەکان. دەبێت بڕوای تەواویان بە نوێنەرەکانیان هەبێت، نەک لەلایەن حزبەوە دەستکاریی کاروباریان بکرێت، چونکە ئیشی ئەوان نییە و لێی نازانن".

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو شاندانەی دەچنە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، نوێنەرانی هەموو ئەو حزبانەی تێدایە کە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارن و ئاگاداریی وردەکارییەکانن".

ڕێباز حەملان ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو کاتانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە ڕووبەڕووی بڕیاری نادەستووری و فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەبێتەوە؛ کەس نایەت بەرگریی بکات، بەڵام کاتێک بڕیارێکی دڵخۆشکەر بۆ خەڵک دەدرێت، هەمووان خۆیان دەکەنە خاوەنی".

ئەو بەرپرسەی حکوومەتی هەرێم، ڕاشیگەیاند، "مێژوویەکی دوورودرێژمان لەگەڵ هەموو حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق هەیە. بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوودا، هەمووان پابەندی تەواوی ڕێککەوتنەکان لەبارەی مووچە و ڕێککەوتنە سیاسییەکانی دیکە نەبوون. واتا ئەزموونێکی ناخۆشمان هەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی ئومێدە، لە هەرێمی کوردستان سەرۆک بارزانی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەن کە بەردەوام پێداگیری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵک دەکەن".

رێباز حەملان گوتیشی، "سەردانی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا، سەردانێکی ئاسایی نەبوو، لەسەرووی پڕۆتۆکۆلەوە بووە و پێش سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو. زۆر بابەتی گرنگ و ستراتیجی بۆ هەرێمی کوردستان یەکلاکراوەتەوە، وردە وردە ئەنجامەکانی دەردەکەون".

رێباز حەملان ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ئەنجامی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و ڕێککەوتنمان لەبارەی مووچە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی کرداری (ئینفاقی فیعلی) جیاکراوەتەوە". ڕاشیگەیاند، "دوای جەژن بانکی ئەهلی (تی بی ئای)ـی عێراقی دێتە نێو پڕۆسەی هەژماری من و دەرگا بۆ هەموو بانکە ئەهلییەکانی دیکەی عێراق کراوەتەوە بۆ ئەوەی بەشداریی پڕۆژەکە بکەن".