ئێران هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات و ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیلیش له‌ ئاماده‌باشیدان

K24 – هەولێر:

بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئێران جەخت لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لە بەرانبەر ئەو هێرشەدا دەکەن کە کرایە سەر کونسووڵخانەکەیان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا و هۆشدارییان بە بەرپرسانی ئەمەریکا داوە لە ئیسرائیل دوور بکەونەوە. ئەمەریکا و ئیسرائیلیش دەڵێن بۆ ئەگەری هەر هێرشێک لە ئامادەباشیی تەواودان.

بەرپرسانی ئێران هەڕەشە دەکەن بەهۆی ئەو هێرشەی ئیسرائیل کردییە سەر بەشی کونسووڵیی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە سووریا و تێیدا ڕەزا زاهیدی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ژمارەیەک پاسداری دیکە کوژران توڵە لە ئیسرائیل دەکەنەوە و بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمەریکاش لەو بارەیەوە هۆشداری بە ئێران دەدەن.

محەممەد جەمشیدی، یاریدەری سیاسیی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکی نووسراودا هۆشداریی بە ئەمەریکا داوە نەکەوێتە داوی نەتانیاهۆ و لێی دوور کەوێتەوە با زەبری پێ نەکەوێت. لە وەڵامدا ئەمەریکا داوای لە ئێران کردووە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بەئامانج نەگرێت.

هاوکات حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران دەڵێت، هۆشداری دەدەین، کردەوەی هیچ دوژمنێک دژی وڵاتەکەمان بەبێ وەڵام نایەڵینەوە، هەروەکو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانمان ڕایگەیاند، ڕژێم زایۆنیستی تەنبێ دەکەین.

محەممەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش جەختی لەوە کردەوە، هێرشەکەی ئیسرائیل بەبێ وەڵام نابێت، کات و جۆری ئۆپەراسیۆنەکە خۆمان دیاریی دەکەین و بەوردی جێبەجێی دەکەین، بەبێ گومان ئیسرائیل لە کردەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە.

دوای ئەو هەڕەشانەی ئێران بەرپرسان و ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکاش ئاماژەیان بەوەدا کە هێزەکانیان لە ناوچەکەدا بەتەواوی لە ئامادەباشیدان.

یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، ئێمە بەوردی لە ئامانجەکانی دوژمن دەدەین، دوژمنەکانیشمان دەیانەوێت وەڵام بدنەوە و ئێمە لە ئامادەباشیداین.

کەناڵی سی ‌ئێن ‌بی ‌سی ‌نیوزی ئەمەریکی لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی باڵای دەزگای هەواڵگریی ئەمه‌ریکا بڵاوی کردەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل بڕوایان وایە ئەو وڵاتە پێش جەژنی ڕەمەزان وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشق دەداتەوە.

پێشتریش جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، دەربارەی ئەو هەڕەشانەی ئێران ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ئێراندا بە هەموو هێزییەوە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات.