لە یاریی دێربی بادینان هیچ لایەك نەیتوانی تۆڕی گۆڵی یەكتر بهەژێنێت
لە یاریی لوتكەی دێربی بادینان لە خولی ئەستێرەكانی عێراق هیچ لایەك نەیانتوانی تۆڕی یەكتر بهەژێنن و یارییەكە بە یەكسانبوون بەبێ گۆڵ كۆتایی هات.
لە گەڕی 21ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی زاخۆ و دهۆك رووبەڕووی یەكتر بوونەوە، بە درێژایی ماوەی یارییەكە هیچ لایەك نەیانتوانی بەربەستی یەكسانبوون و بێگۆڵی بشكێنن و هەریەكەیان بە خاڵێك یاریگەیان جێهێشت، ئەمەش پازدەیەمین یەكسانبوون بوو لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان، لە ئێستادا بە 23 خاڵ لە خانەی چواردەیەمی ریزبەندی دێت. تەنیا 7 خاڵ لە ناوچەی سووری دابەزین دوورە.
بەم ئەنجامە یانەی زاخۆ بە 34 خاڵ بۆ خانەی چوارەم دابەزی، یانەی دهۆكیش بە 31 خاڵ لە خانەی هەشتەمی ریزبەندی جێگیر بوو.
لەو یارییەدا بە رێككەوتنێكی نێوان هەردوو یانەی زاخۆ و دهۆك رێگەنەدرا هاندەرانی دهۆك بۆ پاڵپشتی یانەكەیان سەردانی یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ بكەن، بەڵام هاندەرانی دهۆك لە پاركی نەورۆزی شاری دهۆك لە رێگەی شاشەی كوردستان24 بەهەمان جۆش و خرۆشی نێو یاریگە كۆبوونەوە و سەیری یاریی دێربی بادینانیان كرد.
هەولێر دۆڕا
لە یارییەكی دیكەی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر قاسم بە گۆڵێكی بێوەڵام دۆڕا، لەو یارییەدا ئاكام هاشم ناوەراستكاری یانەی هەولێر بە كارتی سوور دەركرا، بەمەش یانەی هەولێر تووشی هەشتەمین دۆڕان بوو.



