شەش مانگ بەسەر شەڕی غەززەدا تێدەپەڕێت

بۆردوومانی ئامانجێک لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە (وێنە: AP)
بۆردوومانی ئامانجێک لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

شەش مانگ بەسەر دەستپێکی شەڕی غەززەدا تێدەپەڕێت. تاوەکو ئێستا بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە 33 هەزار و 175 هاووڵاتیی سڤیلی غەززە کوژراون. هەروەها زیاتر لە هەزار و 200 هاووڵاتیی و سەربازی ئیسرائیل لەلایەن حەماسەوە کوژروان.

شەش مانگ پێش ئێستا و بەرەبەیانیی ڕۆژی 07ـی ئۆکتۆبەری 2023، سەدان چەکداری بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوان و چاوەڕواننەکراویان کردە سەر ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل؛ زیاتر لە 1200 کەسیان کوشت، کە زۆرینەیان هاووڵاتییانی سڤیل بوون. بەوەش نەوەستان، زیاتر لە 253 کەسیان وەک بارمتە گرت کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 134ـیان رزگار نەکراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک بۆ هێرشەکەی حەماس، هەر لە ڕۆژی 07ـی ئۆکتۆبەری 2023، دەستی بە بۆردوومانێکی چڕی پێگەکانی حەماسی لەنێو غەززەدا کرد. چەند ڕۆژ دواتر، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئاسمانی و وشکانی بۆ سەر غەززە لە دژی حەماس دەستپێکرد کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای ڕاگرتنی شەڕەکەی کردووە و ئاگربەستی ڕاگەیاندووە.

زیانە گیانی و ماددییەکانی شەش مانگی شەڕی غەززە

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لە غەززە، لە ماوەی 178 ڕۆژی ڕابردوو (شەش مانگی ڕابردوو)، زیاتر لە 33 هەزار و 175هاووڵاتیی سڤیل لە ئەنجامی بۆردوومانی بەردەوامی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر "ناوچە سڤیلنشینەکان" گیانیان لەدەستداوە؛ لەو ژمارەیە نۆ هەزاریان ئافرەت و 13 هەزاریان منداڵ بوون. هاوکات زیاتر لە 75,886 هەزار هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

لەبارەی زیانە گیانییەکانی ڕیزی هێزەکانی حەماسیش؛ وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا ئەوەی خستووەتەڕوو، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 12 هەزار چەکداری حەماس لە ئەنجامی بۆردوومان و ڕووبەڕوویان لەگەڵ سەربازانی ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار و 600 ئامانجیان پێکاوە.

هەرچی پەیوەستە بە زیانەکانی سوپای ئیسرائیلیش؛ وەزارەتەکە دەڵێت، لە شەش مانگی رابردوو، 604 سەربازیان لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ چەکدارانی حەماس کوژراون و زیاتر لە 3 هەزار و 193 سەربازی دیکەش برینداربوون.

بە گوێرەی ئامارێکی یەکێتیی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان (ئای ئێف جی)، 110 ڕۆژنامەنووس لە ئەنجامی شەڕی غەززە کوژروان، 16ـی دیکە بریندار بوون، چواریان بێسەروشوێنن و 25 دیکەشیان لەکاتی ڕووماڵیکردنی شەڕەکە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون.

لەلایەکی دیکەوە، بە گوێرەی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، 196 کارمەندی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری مافی مرۆڤ، لە غەززە و لە ئەنجامی شەڕە کوژراون کە بەشی زۆریان سەر بە ئۆنروا بوون.

هەرچی پەیوەستە بە دۆخی مرۆیی هاووڵاتییانی غەززەش؛ بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە سەدا 85ـی دانیشووانی غەززە ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە و ئاوارە بوون. بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی شەڕی غەززە، زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار هاووڵاتیی بەدەست نەبوونی خواردن و ئاوەوە دەناڵێنن و زۆر بە زەحمەت دەستیان بە خۆراک دەگات. ئەو خۆراکەی دەستیشیان دەکەوێت، ناتەندروستە.

بانکی نێودەوڵەتی زیانەکانی ژێرخانی کەرتی غەززەی ئاشکرا کرد

لە راپۆرتێکی هاوبەشدا بانکی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویان کردووەتەوە، زیانەکانی ژێرخانی غەززە بە 18.5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت  کە بریتییە لە %97ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی کەرتی غەززە و کەرتی رۆژئاوا بەیەکەوە لە ساڵی 2022ـدا.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی غەززە رێژەی %72ـی بڕی زیانەکان پێک دەهێنن، ژێرخانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک، ئاو و تەندروستی و پەروەردە رێژەی %19ـی زیانەکان و، زیانی باڵەخانەکانی بازرگانی و پیشەسازی %9ـی کۆی زیانەکان پێکدەهێنن.

بەگوێرەی راپۆرتەکە %84ـی نەخۆشخانەکان زیانیان بەرکەوتووە و، دانیشتوانی غەززە دەستیان بە کەمتر %5ـی خزمەتگوزارییەکان و ئاوی خاوێن دەگات.

 بەگوێرەی ئاماری راپۆرتەکە لە %100ـی قوتابخانەکان رووخاون و کەرتی پەروەردە بە تەواوی لە کەرتی غەززە داڕماوە. هەروەها %92ـی رێگا سەرەکییەکان و، ژێرخانی پەیوەندییەکان بەتەواوی خاپوور بووە. ئەمەش گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری مرۆیی بەگوێرەی راپۆرتەکە ئیجگار قوڕستر کردووە.

بانکی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، پاشـماوەی داروپەردووی باڵەخانەکان لە غەززە نزیکەی 26 ملیۆن تۆنن و، رەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت بۆ لابردن و فڕێدانیان.

راپۆرتەکە باس لە کاریگەرییە ئابورییەکانی سەر دانیشتووان دەکات و، جەخت لەوە دەکاتەوە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی غەززە لە لێواری برسیەتیدان و، تەواوی دانیشتوانی غەززە بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن، زیاتر لە ملیۆنێک کەس بی ماڵ و حاڵن و ، %75ـی دانیشتوانی کەرتی غەززە ئاوارە بوون.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە: ژنان، منداڵان، بەساڵاچووان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بەرکەوتەی زۆرترین زیانی جەنگی کارەساتباری غەززەن، جگە لەو کاریگەرییە نەرێنیانەی کە بەدرێژایی ژیانیان لەسەر گەشەی منداڵان دروستی دەکات.

هاوکات بانکی نێودەوڵەتی گرتنەبەری رێوشوێنە سەرەکی و سەرەتاییەکانی  پێشوەختەی دیاریکردووە: بە زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان، بەرهەمهێنانی خۆراک، دابینکردنی سەنتەری داڵدەدان و چارەسەرکردنی نیشتەجێبوونی گشتگیر بەخێرایی بۆ ئەو کەسانەی ئاوارەبوون جگە لە دەستپێکردنەوەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ دانیشتووان.