پۆلیسی دارستان و ژینگە: تاوەکو ئێستا 25 تۆمەتبارمان داوەتە دادگا

K24 - هەولێر

بۆ پاراستنی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری نووسراوێکی گشتاندووە و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستانی لە بڕیاری وەرزی قەدەغەی ڕاوی ماسی ئاگادارکردووەتەوە.

نووسراوەکە ڕۆژی چوارشەممە، 28ـی شوباتی 2024، دەرچووە و بڕیار درا لە (5/3/2024 تاوەکوو 15/6/2024) لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، وەرزی قەدەغەی ڕاوە ماسییە، بەڵام لە 16/6/2024 بڕیارەکە کۆتایی دێت و ڕاوکردن ئاسایی دەبێتەوە.

لەو بارەوە عەمید سەنگەر حوسێن، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕانیە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە دەریاچەی دووکان، مەفرەزەکانمان خەڵکیان بینیووە لە ناو ئاودا بوونە، ئەوانە بە شەو دێن تۆڕی ماسی گرتنەکە دادەنێنەوە و دەگەڕێنەوە، بۆ شەوی دواتر دەێنەوە تۆڕەکان هەڵدەگرنەوە، بۆیە دەگەڕێن بەدوای بۆشاییدا تاوەکو ڕاوەماسی بکەن.

ئاماژەی بەوەشک رد، ئەوانە کەمیان هەیە دەربازیان ببێت، هەر ئەمشەو ڕاوچییەکمان دەستگیر کردووە.

دەشڵێت: مەفرەزاکانمان لەناو ئاودا دەگەڕێن و تاوەکو ئەو کەسانە دەستگیربکەن کە ڕاوی ماسی دەکەن، گوتیشی: تاوەکو ئێستا توانیومانە 25 تۆمەتبار ڕووبەڕووی دادگا بکەینەوە.

ساڵانە قەدەغەی ڕاوی ماسی 100 ڕۆژە، مەبەستیش لەو قەدەغەکردنە ئەوەیە ماسی لە ناو ڕووبار و چەم و دەریاچەکان، بەسروشتی خۆی گەرا دابنێت و زاوزێ بکات، بۆیە لەو ماوەیەدا هەموو شێوازێکی ڕاوکردن قەدەغە دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment