یونامی: شاندێکی تەکنیکیمان سەردانی پارتی کرد

K24 – هەولێر:
یونامی رایگەیاند شاندێكی پسپۆر و تەكنیكییان ناردووەتەوە لای پارتی و باسیان لە كێشەكانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و گشتگیر و متمانەپێكراو لە هەرێمی كوردستان كردووە.
رۆژی یەکشەممە (7ـی نیسانی 2024) یونامی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای كۆبوونەوەی جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، لەگەڵ سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، شاندێكی تەكنیكی بە سەرۆكایەتی كڵاودیۆ كۆردۆنی، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق بۆ كاروباری سیاسی و هەڵبژاردنەكان لەگەڵ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەتەوە.
شاندەكەی یونامی پسپۆری تەكنیكی و هەڵبژاردنیشی تێدابووە و دەڵێت، پەرۆشین بۆ گوێگرتن لە تێبینییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتوو.
دوابەدوای کۆبوونەوەی @JeanineHennis، نوێنەری تایبەتی UN و سەرۆکی یونامی، لەگەڵ سەرۆکایەتی پ د ك، ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێز @heminhawrami ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پ د ك، لەگەڵ تیمێکی تەکنیکی یونامی بە سەرۆکایەتی @claudio_cordone، جێگری نوێنەری تایبەت، کۆبوونەوە. pic.twitter.com/2kn9Ad1qes
— UNAMI (@UNIraq) April 7, 2024
پێشتریش هێمن هەورامی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بۆ شاندەكەی یونامییان روونکردەوە، ئێستاش پارتی ئامادەی هەڵبژاردنە بە مەرجێک دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە و دەبێت یونامی لەسەر هێڵ بێت بۆ چارەسەری کێشە تەکنیکییەکان و زامنکردنی پاکی و بێگەردی کۆی پرۆسەکە، و بە دوور بێت لەو ئامادەکارییە پێشوەختەی هەندێک لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی، بۆ دیزاینی کورسییەکانی پارتی و ئیرادەی دەنگدەران بەرنامە رێژییان بۆ کردووە.
هەروەها گوتیشی: شاندی یونامی جەختیان لەگرنگی و بایەخی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی جێ متمانەی هەمووان و بەشداری هەمووان کردەوە و رایانگەیاند بە پەرۆشن بۆ ئاگاداربوون لە وردەکاری سەرنج و تێبینی و بۆچوونەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ڕۆژی چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) لە سەڵاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق كرد وپلاسخارت پێشنیازیشی كرد بۆ بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، تیمێكی نەتەوەیەكگرتووەكان هاوكار بن بۆ چارەكردنی ئەو كێشە تەكنیكییانەی كە پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە و ئاماژەشی بەوە دا كە ئاگاداری ئەوەیە كە دوو ساڵە پارتی ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە كاتی خۆیدا و ئێستاش لە نیگەرانییەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێ دەگەن و جەختیشی لە پێویستیی بەشداریی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە و ڕاشیگەیاند كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە بێ پارتی پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت.
ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە: "بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".
ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.
لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریاندە بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.