حەماس مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ ئاگربەست لە غەززە رەتدەکاتەوە

دیمەنێکی دانیشتووانی غەززە (وێنە: AP)
دیمەنێکی دانیشتووانی غەززە (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

بزووتنەوەی حەماس مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ ئاگربەست لە غەززە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ڕەشنووسی ئاگربەستەکە بەهیچ جۆرێک داوکاری فەڵەستینییەکانی تێدانییە.

بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، لەلایەن میسر و ئەمەریکاوە رەشنووسی ئاگربەستی ئیسرائیلیان بەدەستگەیشتووە، بەڵام ڕەشنووسەکە بەهیچ جۆرێک داوکاری فەڵەستینییەکانی تێدانییە، هەربۆیە رەتیدەکاتەوە.

بزووتنەوەی حەماس دەشڵێت، سوپاسی نێوەندگیر و هەوڵەکانیان دەکەن بۆ بەدیهێنانی رێککەوتن، بەڵام حەماس ئامادەنییە بچێتە ژێرباری هیچ جۆرە رێککەوتنێکەوە کە داوکاریی گەلەکەی بەدینەهاتبێت و سوپای ئیسرائیل لە غەززە پاشکەشەی نەکردبێت.

بزووتنەوەی حەماس جەخت لەوەش دەکاتەوە، لەگەڵ هەموو تێبینییەکان بەڵام تاوتوێی رەشنووسەکەی ئیسرائیل دەکەن و لەچەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمی وەڵامی نێوەندگیرەکان دەدەنەوە.

ئەمە لـە کاتێکدایە دوێنێ دووشه‌ممه‌ 8ـی نیسانی 2024، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی غه‌ززه‌ ڕایگه‌یاند، تادێ به‌هۆی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ ژماره‌ی كوژراوان و برینداران زیاتر دەبن و له‌ هه‌مان كاتدا برسییه‌تییه‌كی زۆریش ڕووبه‌ڕووی دانیشتووان بووه‌ته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی غه‌ززه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ژماره‌ی كوژراوان بۆ 33 هه‌زار و 207 كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌، هاوكات ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته زیاتر لە‌ 75815 كه‌س.

وەزارەتەکە ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه،‌ 70%ـی قوربانییه‌كان منداڵ و ئافره‌تن. باسی له‌وه‌ش كردووه‌ش، له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 32 هاووڵاتی كوژراون و 47ـی دیكه‌یش بریندار بوونه‌.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.