گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار: بە بەهای چوار ملیار و نیو دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاریدا کراوە

ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزارای هەرێمی کوردستان
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزارای هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی چوارساڵی ڕابردوودا بە بەهای چوار ملیار و نیو دۆلار وەبەرهێنان کراوە لە کەرتی گەشتیاریدا.

ئەمرۆ چوارشەممە، 10ـی نیسانی 2024، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە میانی گەشتێکی ژووری هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، لە ڕووی ژێرخانەوە ئەگەر سەیری داتا و ئامارەکان بکەین، دەبینین لە کوردستان پێشوە چوونێکی باشمان بە خۆمانەوە بینیوە.

بەگوتەی ئەو، "لە ڕووی ژێرخانەوە ئەگەر باسی بکەین، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو، قەبارەی وەبەرهێنان لە سێکتەری گەشتیاری بریتی بوو لە چوار ملیار و نزیکە 500 ملیۆن دۆلار، ئەمە بەو واتەیەدێت کە سەرمایەی وەبەرهێنان لەبواری گەشتیاری لە پێشەوەی هەموو سێکتەرەکانی دیکەوەیە، بەڕێژەی 42%.

ئەو گوتەبێژە گوتیشی: "لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییشەوە گەشتوگوزار پێشەوە چوونێکی باشی بەخۆیەوە بینیووە. پار ساڵ پێشوازیمان کردووە لە زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار، هەروەها لە ڕووی ژێرخانی گەشتییارییەکانەوە، هۆتێلەکان بە نموونە وەربگرین، ئێستە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 470 هۆتێلمان هەیە. کە لە ڕابردوودا هۆتێلەکان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕی نەدەرکرد، بەڵام ئێستە 40 هۆتێلی بڕاند و پێنج ئەستێرەییمان هەیە.

Fly Erbil Advertisment