په‌که‌که به‌رپرسیاریه‌تی خۆی له ته‌قینه‌وه‌که‌ی شاری ئه‌لعه‌زیز راگه‌یاند
K24 - هه‌ولێر
هێزه‌کانی پارستنی گه‌ل (هه‌په‌گه) باڵی سه‌ربازی په‌که‌که به‌رپرسیاریه‌تی خۆی له ته‌قینه‌وه‌که‌ی شاری ئه‌لعه‌زیزی باکووری کوردستان راگه‌یاند.
له راگه‌یاندراوێکدا ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی هه‌په‌گه رایگه‌یاند: "ته‌قینه‌وه‌که‌ی رۆژی 18 ئه‌م مانگه له‌شاری ئه‌لعه‌زیزی باکووری کوردستان له‌لایه‌ن گه‌ریلایه‌ک ئه‌نجامدراوه و بنکه‌یه‌کی پۆلیس کراوه‌ته ئامانج که زیاتر له 300 پۆلیسی تێدابووه، 105 پۆلیس کوژراون و 155 دیکه‌ش برینداربوونه".
هه‌په‌گه ناوی ئه‌نجامده‌ری ته‌قینه‌وه‌که‌ی ئاشکرا ده‌کات و ده‌ڵێ: "ئه‌و چالاکیه له‌لایه‌ن گه‌ریلایه‌ک به‌ناوی (چه‌کدار ماهیر سه‌ربه‌ست) ئه‌نجامدراوه که خه‌ڵکی شاری مێردین‌ی باکوور کوردستانه".
ئه‌مه له کاتێکدایه دوێنێ 18 ئاب 2016 ژماره‌یه‌ک ته‌قینه‌وه له شاره‌کانی باکووری کوردستان روویاندا، به‌ڵام تا ئێستا په‌که‌که ته‌نها ته‌قینه‌وه‌که‌ی شاری ئه‌لعزیزی گرتووه‌ته ئه‌ستۆی خۆی.