موقتەدا سەدر زەنگی گەڕانەوەی بۆ نێو پڕۆسەی سیاسی لێدا

K24 – هەولێر:
موقتەدا سەدر بە بڵاوکردنەوەی دروشمێک بە واژۆی خۆی، ئاماژە بە گۆڕینی ناوی ڕەوتی سەدر بۆ "ڕەوتی نیشتمانی شیعی" دەکات و چاودێرانی سیاسییش ئەمە وەک زەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ گەڕانەوەی سەدرییەکان بۆ نێو پڕۆسەی سیاسی دادەنێن.
ڕۆژی پێنجشەممە (11ـی نیسانی 2024) میدیا عێراقییەکان و بەشێک لە سۆشیال میدیاکانی نزیک لە ڕەوتی سەدر، وێنەی پارچە کاغەزێکیان بڵاوکردەوە و بە زمانی عەرەبی لەسەری نووسراوە "ڕەوتی نیشتمانی شیعی" و موقتەدا سەدر ناو و واژۆی خۆی لەسەر نووسیوە و مێژووەکەشی بە ڕۆژژمێری کۆچی نووسیوە (شەوال، 1445).

چاودێرانی سیاسیی عێراقی ئاماژە بەوە دەکەن، ناوی نوێی ڕەوتەکەی موقتەدا سەدر، مانا و هێمای زۆری تێدایە و وەک ڕەنگدانەوەیەکیشە بۆ بانگەشە سیاسییەکانی پێشتری ئەو ڕەوتە کە لە پەیامەکانیدا نیشتمانیبوون بەسەریدا زاڵە و دژی دەستوەردانی دەرەکییە لە کاروبارەکانی عێراقدا، بەتایبەتیش ڕکابەرەکانی سەدر لە پێکهاتەی شیعە بەوە ناوسراون هێزی نزیک لە ئێرانن.
گەڕانەوەی موقتەدا سەدر بۆ نێو پڕۆسەی سیاسی، هەنگاوێکی چاوەڕوانکراو بوو، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو سەدرییەکان دوای کشانەوەیان لە پەرلەمانی عێراق و بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەشێوەیەکی گشتی دابڕاون و بنکەی جەماوەری ڕەوتەکەش فشارێکی زۆریان دروستکردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵیان هەبێت لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پارێزگاکاندا.
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـی پەرلەمانی عێراقدا، سەدرییەکان بوونە خاوەنی 73 کورسی و بەهۆی کشانەوەیان لە پڕۆسەی سیاسی، زۆرینەی کورسییەکانیان لەلایەن لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پڕکرایەوە و لە پێکهێنانی کابینەکەی سوودانیشدا، زیاتر لە 60 پۆستی کارگێڕی کە پێشتر ئەندامانی ڕەوتی سەدر بەڕێوەیان دەبرد، بە هەمان شێوە بەهۆی ئەوەی زۆرینەیان بەرکەوتەی پێکهاتەی شیعە بوون، لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پڕکرانەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) لە سەردانێکی لەناکاو و ڕانەگەیەندراودا، موقتەدا سەدر سەردانی ماڵی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، گەورە مەرجعی شیعەکان لە نەجەف کرد و بۆ ماوەی نیو کاتژمێر کۆبوونەوە بەبێ ئەوەی ناوەڕۆکی دیدارەکە ئاشکرا بکرێت.
ئەو سەردانی سەدر بە ئۆتۆمبێلە متسیوبوشییەکەی باوکی بۆ لای سیستانی لە ڕاگەیاندنەکاندا وەک ئامادەکاری گەڕانەوەی سەدرییەکان بۆ نێو پڕۆسەی سیاسیی باسی لێوەکرا و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش هەمووان هاودەنگ نین لەسەر گرنگیدان بە گەڕانەوەی سەدر، چونکە پێشتریش موقتەدا سەدر ڕەتیدەکردەوە لەگەڵ بەشێک لەو لایەنانە هاوپەیمانی بکات، لە سەرووی هەمووشیانەوە، دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی.
محەمەد باقر سەدر باوکی موقتەدا سەدر، لە (1ـی ئایاری 1935) لە کازمییە لەدایکبووە، مەرجەعی شیعە و دامەزرێنەری حزبی دەعوەی ئیسلامی بووە، لە ساڵی 1980 و لەسەردەمی حکومڕانی سەددام حوسێن، بە تۆمەتی سیخوڕی و نۆکەریکردن بۆ ئێران، لە سێدارە درا.
لەلایەن خۆیەوە، عەلا عەزاوی، شڕۆڤەکاری سیاسیی بە میدیایەکی عێراقی راگەیاندووە: گەڕانەوەی سەدرییەکان بۆ نێو پڕۆسەی سیاسی کە خاوەنی بنکەیەکی جەماوەری فراوانن، هاوکێشەی سیاسیی لە عێراق دەگۆڕێت و سەرنجی زۆرێک لە لایەنە شیعییەکانیش ڕادەکێشێت بەهۆی هەڵبژاردنی ناوی ڕەوتی نیشتمانی شیعی.
هاوکات ئاماژە بەوەش دەکرێت، موقتەدا سەدر ئامادەنییە بگەڕێتەوە نێو پڕۆسەی سیاسی بە بێ مەرجی پێشوەختە، لەوانەش چارەسەرکردنی ئەو هۆکارانەی وایکرد پێشتر لە پڕۆسەی سیاسی بکشێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، چاوەڕێ دەکرێت لە پرسی هاوپەیمانیکردن لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا، موقتەدا سەدر زیاتر نەرمی بنوێنێت، هەر بۆ ئەو مەبەستەش دەستەواژەی نیشتمانی و مەزهەبی (شیعی) بۆ ڕەوتەکەی هەڵبژاردووە.
لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، ڕۆژنامەی (ئەلعەرەب) لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاوی کردووەتەوە، موقتەدا سەدر چی دیكە ئامادەنییە، بە بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی زیانەکانی زیاتر و قووڵتر بکات، بەڵكو بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا دەكات و چاوی لەوەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە ڕۆژی (28ـی ئاداری 2024) نووسینگەی موقتەدا سەدر، فەرمانی پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی ناوەندیی لە سەركردەكانی ڕەوتەكەی دەرکرد و داوای كرد لە پرسە و خۆشییەكانی خەڵکدا بەشداریی بكەن و سەردانی كەسوكاری شەهیدان و لە مزگەوتەكانیشدا پێشنوێژیی بكەن، هەروەها ژمارەی تەلەفۆنەكانی خۆیان بۆ سكاڵای خەڵك دابنێن و سەردانی نەخۆش و پەككەوتەكان بكەن، بە هەموو شێوەیەك خۆیان لە جەماوەر نزیك بكەنەوە.
هاوکات رۆژنامهی عهرهبی جهدید لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ڕابردوو بڵاوکراوەتەوە باسی لەوەکردووە: سهدر زۆر بهباشی ههست به لێكهوتهكانی دووركهوتنهوهی له پرۆسهی سیاسی كردووه و ئێستا دهزانێت، ئهگهر ئهو بۆشاییهی لهدوای خۆی جێهێشتووه پڕی نهكاتهوه، لایهنه دژبهرهكانی پڕی دهكهنهوه و ئهگهر بۆ ماوهیهكی درێژتر سهدر له بایكۆتكردنی پڕۆسهی سیاسی بهردهوام بێت، كار بهوه دهگات، بنكه جهماوهرییهكهی چیتر چاوهڕێ نهكهن و له ڕهوتهكهی جیادهبنهوه.
ئەو ڕۆژنامەیە ئەوەشی ئاشکراکردووە، بەهۆی ناڕەزایەتی پارتی و تەقەدووم بە سەرۆکایەتی حەلبووسی لە سیاسەتەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، چاوەڕێ دەکرێت، سهدر دوای گەڕانەوەی بۆ پڕۆسەی سیاسیی بۆ بهشداریكردن له ههڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق له 2025، لەگەڵ ئەو دوو پارتە دەست بە گفتوگۆ بکاتەوە.
ڕۆژی (29ـی ئابی 2022) موقتەدا سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند، "دەستبەرداربوونی خۆم لەکاری سیاسی ڕادەگەیەنم". ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای دەستبەرداربوونی لە کاری سیاسی، نەجەف هەردەم وەك مەرجەعی گەورە دەمێنێتەوە
هەروەها لە (13ـی تشرینی دووەمی 2023) موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا، داوای لە لایەنگرانی کرد بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن و ئاماژەی بەوەکرد، "بەشدارینەکردنتان لە شەرعییەتی هەڵبژاردنەکە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کەمدەکاتەوە".