شەڕی سوودان پێ دەنێتە دووەم ساڵ

K24 - هەولێر
دوای کوژرانی زیاتر لە 15 هەزار کەس و ژمارەیەکی زۆری بریندار و ئاوارەبوونی زیاتر لە 8 ملیۆن کەس، شەڕی سوودان لە 15ی نیسانی 2024 پێی دەنێتە ساڵی دووەم، هەروەها شەڕەکە تاوەکو ئێستاش لە ناوچەکانیی دارفور، کۆردۆڤان، جەزیرە و خەرتوم بەردەوامە.
شەڕەکە، وێرانکارییەکی کارەساتباری دروست کردووە، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان داڕماون، نەخۆشخانەکان لەکارکەوتوون، دەرمان کەم بووەتەوە، کارگە و تاقیگە و دامەزراوە گشتییەکان لەناوچوونە، هەروەها کۆشکی کۆماریی و وەزارەتەکان کەوتوونەتە بەر هێرشی ئاسمانی و تۆپخانەکانەوە، خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکان خەریکە نامێنێت، و ملیۆنان منداڵ و گەنج ماوەی ساڵێکە پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکانیان لەدەست داوە، کارمەندانی وڵاتیش ماوەی ساڵێکی تەواوە مووچەکانیان وەرنەگرتووە.
هەزاران کوژراو و بریندار
بەگوێرەی "تۆماری داتاکانی شوێن و ڕووداوەکانی شەڕی چەکداری"، ژمارەی کوژراوانی شەڕەکە گەیشتووەتە نزیکەی 14 هەزار و 790 کەس، لە نێویاندا 800 کەس لە 10ـی شوبات تا 8ـی ئاداری ساڵی ڕابردوو لە ویلایەتی خەرتووم و جەزیرە کوژراون.
بەگوێرەی داتاکە، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، ڕووداوەکانی توندوتیژیی دژی خەڵکی مەدەنی بە ڕێژەی لە 89% زیادی کردووە، چاودێران دووپاتی دەکەنەوە، ژمارەی کوژراوان زۆر زیاترە لەوەی کە تۆمارکراون، هەروەها کاتێک شەڕ کۆتایی دێت، ژمارە ڕاگەیەندراوەکان بە بەراورد لەگەڵ ژمارە ڕاستەقینەکان کەمتر دیاریی دەکرێن، بەو پێیەی کەسانێک هەن کە لە ماڵەکانی خۆیاندا نێژراون.
سەبارەت بە سەربازە مردووەکانی هەر دوو لایەنی شەڕکەر، سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کەسیان باسی ژمارە کوژراوەکانیان ناکات، بەو پێیەی هەر لایەنێک ژمارەی قوربانییەکانی کەمتر ڕادەگەیێنێت.

خراپترین کارەساتی ئاوارەبوون لە جیهاندا
لە دوایین ڕاپۆرتی نوێکراوەی ڕۆژی 5ـی نیساندا، تیمە مەیدانییەکانی سەر بە "ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی" ڕایانگەیاند، زیادبوونی ململانێی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 6.5 ملیۆن کەس لە ناوخۆی سوودان، هەروەها ژمارەی پەنابەران بۆ وڵاتانی دراوسێ گەیشتووەتە 1.96 ملیۆن کەس.
قەیرانی ئاوارەبوون کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە خراپترین کارەساتی ئاوارەیی لە جیهاندا وەسفی کردووە، قەیرانێکی مرۆیی سەختی لێکەوتووەتەوە و "تۆڕی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی برسییەتی" هۆشداری داوە لە برسییەتیەکی وێرانکەر لە ناوچەکانی دارفۆری ڕۆژئاوا، خەرتوم و دارفۆری گەورە.
دێوەزمەی برسییەتی
ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، زیاتر لە دوو ملیۆن و 900 هەزار منداڵ گیرۆدەی خراپیی خۆراکن، 729 هەزار منداڵی دیکەش کە تەمەنیان لە خوار تەمەنی پێنج ساڵەوەیە هەمان گرفتیان هەیە کە مەترسیدارترین و کوشندەترین جۆری برسییەتیە.
پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا 109 هەزار منداڵ تووشی نەخۆشییەکانی وەک وشکبوونەوەی لەش، کەمبوونەوەی پلەی گەرمی و دابەزینی شەکرە ببن، هەروەها نزیکەی 222 هەزار منداڵ لەگەڵ زیاتر لە حەفت هەزار ژنی زەیسان لە چەند مانگی داهاتوودا بمرن، ئەگەر پێداویستییە تەندروستییەکانیان بۆ دابین نەکرێت .
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان "فاو"، بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لەو وڵاتەدا بە ڕێژەی 40% دابەزیووە، ئەمەش بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگ بووە، هەروەها نرخی دانەوێڵە بۆ سێ هێندە بەرزبووەتەوە.

وەزیری دارایی
جبریل ئیبراهیم، وەزیری دارایی سوودان، لە مانگی ئاداری ڕابردوودا ڕایگەیاند، ئاسان نییە زیانەکانی شەڕی سوودان بە وردی دیاری بکرێت، بەڵام "شادەماری ئابووریی سوودان زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە"، دەشڵێت: بەهۆی ئەو شەڕەوە لیرەی سوودانی بەهای لەدەست داوە، هەروەها یەدەگی دراوی بیانییش کەمی کردووە. ئەمەش بەهۆی نەمانی بەرهەمهێنان و جوڵەی هەناردەکردن و هەروەها کێشانەوەی دراوی قورس لەلایەن سەرمایەدارانەوەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، زیانەکانی ئابووری سوودان لەو شەڕەدا زیاتر لە 26 ملیار دۆلارە.
شارەزای ئابووری، ئیبراهیم بەدەوی، کە لە سەردەمی حکوومەتی مەدەنیدا وەزیری دارایی بووە، دەڵێت: زیانەکانی سوودان بە ژێرخانی ئابووری نزیکەی 60 ملیار دۆلار بووە، بەدەوی پێشبینیی کردبوو، ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت، کۆی گشتیی بەرهەمی ناوخۆ بە ڕێژەی نزیکەی لەسەدا 20 دادەبەزێت.

تەندروستی و دەرمان
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، لە کۆی لە 25% نەخۆشخانەکان کە دەکاتە 702 نەخۆشخانە، 540 نەخۆشخانە بە ناتەواوی کار دەکەن، ئەمەش لە 75% بەهۆی شەڕەوە بووە، هاوکات پزیشکان و کارمەندانی پزیشکی بۆ پاراستنی خۆیان و خێزانەکانیان ناچاربوون هەڵبێن و کۆچ بکەن ، هەروەها دەیان پزیشک و کارمەندی پزیشکی لە ئەنجامی بۆمبارانەکاندا کوژراون.
بە گوتەی هەیسەم ئیبراهیم، وەزیری ڕاسپێردراوی تەندروستی، زیانەکانی کەرتی تەندروستی 11 ملیار دۆلارە، وەزارەتەکەی لە ئێستادا بە دوای نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی 25%ی نەخۆشخانەکاندایە، بەتایبەتی ئەو نەخۆشخانانەی پسپۆڕییەکانی چاندنی گورچیلە، MRI، و نەخۆشییە کوانییەکان.
داڕمانی سیستمی تەندروستی لەو وڵاتە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا، بەو پێیەی لە 12 شاردا 10 هەزار و 800 حاڵەتی کۆلێرا تۆمارکراوە، هاوکات تووشبوون بە تای خوێنبەربوون گەیشتووەتە حەفت هەزار و 500 حاڵەتە.
پچڕانی تۆڕەکانی پەیوەندی
لەدوای شەڕەوە خەڵکی سوودان خزمەتگوزارییەکانی تۆڕی پەیوەندییان لەدەستدا، وەک ئینتەرنێت، خەڵک لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە ئینتەرنێتیان بەکار دەهێنا.
حکوومەت لە بەندەری سوودان بڕیارێکی دەرکرد و بەکارهێنانی ئەم ئامێرانەیی قەدەغەکرد، دەستی بەسەریاندا دەگرت.
سەبارەت بەو ناوچانەی کە لەلایەن "هێزەکانی پشتیوانی خێراوە"ەوە کۆنترۆڵکراون، یەک کاتژمێر پەیوەندیکردن نزیکەی دوو دۆلار و نیوی تێدەچێت، کە خەڵک ناچارن بیدەن.

منداڵانی بێ قوتابخانە
شەڕەکە قەیرانێکی گەورەی پەروەردەیی لێکەوتەوە، کە نوێنەری ڕێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوودان، مەندیپ ئۆبراین، بە خراپترین قەیرانی پەروەردەیی لە جیهاندا وەسفی کرد.
سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) بڵاویکردەوە، 19 ملیۆن منداڵ لە خوێندن دابڕاون، کە چوار ملیۆنیان ئاوارەبوونە، ئەمەش وایکردووە سوودان ببێتە یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی ئاوارەبوونی منداڵان لە جیهاندا.