پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری دەکات؛ پێنجشەممە دەنگ لەسەر کابینەی نوێ دەدرێت

هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق پێ دەنێنە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە و چاوەڕوان دەکرێت دووسبەی، پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێی حکوومەت کۆببێتەوە.

پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق پێی ناوەتە دوا قۆناغەکانییەوە و پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکە گۆڕانکارییەکی خێرا بەخۆیەوە ببینێت.

سەرچاوەیەکی تایبەت و ئاگادار لە بەغداوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت دووسبەی پێنجشەممە 14ـی ئایاری 2026، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە مەبەستی متمانەدان بە کابینەی نوێی حکوومەت ساز بکات.

بە پێی زانیارییەکان کە دەست کوردستان24 کەوتوون، هێزە سیاسییەکان و کوتلە پەرلەمانییەکان گەیشتوونەتە فۆرمێکی کۆتایی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان، لەم چوارچێوەیەدا، بۆ پڕکردنەوەی پۆستی هەر وەزارەتێک، لایەنەکان ناوی سێ کاندیدیان خستووەتە سەر مێزی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو.

لە لایەکی دیکەوە و وەک رێکارێکی دەستووری و یاسایی حەتمی، ناوی کاندیدە پێشنیازکراوەکان رەوانەی "دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق" کراون.

هاوکات سەرچاوەیەک لە دەستەکە بە کوردستان24ـی گوت: ناوی تەواوی کاندیدەکانمان بە دەست گەیشتووە و لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە ناوەکان پێکهێنراوە.

لە لایەکی دیکەوە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەگەر ناوەکان بەبێ تێبینیی یاسایی لە لایەن دەستەکەوە پەسەند بکرێن، ئەوا زەمینەیەکی لەبار دەڕەخسێت بۆ ئەوەی رۆژی پێنجشەممە بەبێ گرفتێکی ئەوتۆ پرۆسەی دەنگدان و متمانەدان لە ژێر چەتری پەرلەماندا بەڕێوەبچێت، بەمەش کۆتایی بەو بۆشاییە سیاسی و کارگێڕییە دێت کە ماوەیەکە باڵی بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا کێشاوە.