بلینکن: کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ سوودانی هەبوو

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی زۆر باشیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەبووە و ئەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵایە ئامانجێکی هەیە و ئەویش پەیوەندییەکی دورودرێژە لە نێوان هەردوو وڵات.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمەریکا پابەندە بە بەرگریکردن لە ئیسرائیل، هەروەها ئیسرائیل پێویست ناکات بە تەنیا بەرگری لەخۆی بکات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا، لە 36 کاتژمێری رابردوو بە شێوەیەکی دیپلۆماتی وەڵاممان هەبووە بۆ ئەوەی رێگری بکەین لە گرژییەکان و، لە گفتوگۆداین لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە. بلینکن، جەختی لەوەش کردەوە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سوودانی گوتی: دڵخۆشین بە پێشوازی لە دۆستە عێراقییەکانمان لە واشنتن، کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەبوو.

بلینکن، گوتیشی: لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای سەربازی ئێمە هەوڵمانداوە ئەم پەیوەندییە 360 پلەیە لەگەڵ عێراق فەراوانتر بکەین، هەروەها گفتوگۆمان لەبارەی نەوت و گۆڕانی کەشوهەواش کرد.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەمەریکا خواستی زۆری هەیە لە وەبەرهێنان لە نێو عێراقدا، بینینی سەرکەوتنەکانی عێراق بەشێک بووە لە گفتوگۆکانمان، ئەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵایە ئامانجێکی هەیە و پەیوەندییەکی دورودرێژە لە نێوان هەردوو وڵات، گوتیشی: ئامانجمان ئەوەیە بەرەوپێشچوونی زیاتر هەبێت.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەر بانگهێشتنامەی فەرمیی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا داوەتی کۆشکی سپی کراوە، ئەمە یەکەم سەردانی محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.