کۆشکی سپی: بایدن و سوودانی جەختیان لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی کردووەتەوە

کۆشکی سپی: ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی گفتوگۆکانی بایدن و سوودانی بوو

دیداری جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و محەممەد شییاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق - وێنە AFP
دیداری جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و محەممەد شییاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق - وێنە AFP

K24 - هەولێر

کۆشکی سپی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی دیداری جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە و هەردوولا جەختیان لە گەیشتنی نەوتی عێراق بە بازاڕەکانی جیهان کردووەتەوە و خواستیان بۆ دەست پێکردنەوەی هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی دەربڕیوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی سوودانی و جۆ بایدن دا هاتووە:  سەرۆکی ئەمەریکا پێزانینی خۆیی بۆ ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیداڵی سەبارەت بە چارەکردنی کێشەکانی مووچە و دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربڕبووە.

بایدن پشتیوانی خۆیی بۆ چەسپاندنی پایەکانی دیموکراسی لە عێراق دەربڕیوە، لەنێویاندا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادەپەروەر و شەفاف لە هەرێمی کوردستان.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هاتووە؛ هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە تێکشکاندنی داعش بینیوە و شکست هێنان بە داعش وەک فاکتەرێکی سەرەکی دەستەبەرکردنی ئاسایشی عێراقیان ناوبردووە.

بایدن و سوودانی هەرێمی کوردستانیان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە کۆی سیستەمی ئاسایش و سەقامگیری عێراق وەسفکردووە.

محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق 13ی ئەم مانگە لە سەر بانگهێشت نامەی فەرمیی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بەرەو واشنتن بەڕێ کەوت کە شاندێکی حکوومەتیی و پەرلەمان و نوێنەرانیی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت یاوەری دەکات. 

هەروەها سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یەکێکە لە ئەندامانی شاندەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا.