ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیل: حەماس هەموو مەرجەکانی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان ڕەتکردووەتەوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل"ـی ڕاگەیاند، بزووتنەوەی حەماس هەموو بەندەکانی پێشنیازە نوێیەکانی ئاگربەستی ڕزگارکردنی بارمتەکانی ڕەتکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، حەماس لە وەڵامەکەیدا داوای کردووە ئازادکردنی دەستگیرکراوانی ئیسرائیلی لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکەدا مەرجدار بێت، بە دابینکردنی گەرەنتی دانوستانکاران، و ئیسرائیل لە قۆناغی دووەمیدا ڕازی بێت بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و گەڕانەوەی فەڵەستینییەکان بۆ ناوچەکانی باکووری کەرتی غەززە و بێ مەرج، ئەمەش ئیسرائیلی لە پەسەندکردنی ئەو ڕێککەوتنە بێهیوا کردووە.

هەروەها لە وەڵامەکانی بزووتنەوەی حەماسدا هاتووە، کە ژمارەیەکی زۆری زیندانییە ئەمنییەکانی فەڵەستین کە لە ئیسرائیل دەستگیرکراون ئازاد بکرێن بەرانبەر ئازادکردنی هەر بارمتەیەک، ئەمە جگە لە ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە تاوانی کوشتن سزا دراون.

دوێنێ دووشەممە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، حەماس لە دوایین وەڵامی دانوستاندنەکانی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، پێشنیاری ئازادکردنی 20 بارمتەی کردووە لە بەرانبەر ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی، جگە لە ئازادکردنی سەدان فەڵەستینی.

 ماڵپەڕی "والا"ـی ئیسرائیلی لە زاری ئەو بەرپرسەی کە ناوی نەهێنراوە ڕایگەیاندووە کە "حەماس" لە وەڵامەکەیدا پاساوێکی بۆ کەمکردنەوەی ئەو ژمارەیە داوە، کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتبوون، ئەویش 40 بارمتە بووە، بەو پێیەی ئەو ژمارەیەی ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو، لە بەردەست نین چونکە هەندێک لەو ناوانەی کە خراوەتەڕوو زیندوو نین و هەندێکی تریش لە دەستی ڕێکخراوەکانی تردان.