ڕاوێژکارێکی سوودانی: هاوکاریی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەکەین وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن
K24 - هەولێر
ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هاوکاریی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەکەن، ئەگەر بیانەوێت وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن . دەشڵێت، لە 45 ساڵی رابردوو زۆرینەی بودجەی عێراق بۆ شەڕ و کڕینی چەک رۆشتووە.
د. محەممەد نەجار، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ وەبەرهێنان و سەرۆکی سندووقی وەبەرهێنانی عێراق کە یەکێکە لە ئەندامانی شاندی عێراق لە ئەمەریکا؛ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، عێراق لە ماوەی 45 ساڵی رابردوودا پڕۆژەی گەورەی وەبەرهێنانی تێدانەکراوە، بەڵکو زۆرینەی بودجەکەی بۆ شەڕ و کڕینی چەک رۆشتووە.
ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاند، "108 کۆمپانیای ئەمەریکی بازرگانی لەگەڵ عێراق دەکەن، قەبارەی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش لە بواری نەوتی عێراق دوو ملیار دۆلارە".
د. محەممەد نەجار لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوەش کردەوە، "ئەگەر کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بیانەوێت وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن، حکوومەتی عێراق هاوکارییان دەکات".
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆبوونەوەی بە لیژنەی باڵای هەماهەنگی نێوان ئەمەریکا و عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا باس لەوە دەکات، لە ساڵی 2014ـەوە بە بەهای سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار هاوکاریی مرۆییان بۆ بەرەوپێشچوونی عێراق تەرخانکردووە، ئامانج لە هاوکارییەکانیشیان پشتیوانیکردنی سەقامگیریی و سەروەری عێراقە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، لەساڵی 2023ـدا بەبەهای 150 ملیۆن دۆلار هاوکارییان بۆ بەرەوپێشچوونی عێراق تەرخانکردووە، سەرباری ئەمەش لە بوارەکانی چاکسازی ئابووری، گۆڕانەکانی کەشوهەوا، وزە و ئاو و کارەبا هاوشانی خوێندنی باڵا هاوکاری عێراقییان کردووە.