ناتانیاهۆ بۆ وەڵامدانەوەی ئێران؛ داوایەک لە سوپای ئیسرائیل دەکات

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (وێنە: AP)
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە سوپای وڵاتەکەی کردووە بژاردەی خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی ئێران پێشکەشبکەن. بەشێک لە میدیاکانی جیهانیش باس لەوە دەکەن، یەکێک لە بژاردەکانی ئیسرائیل هێرشکردنەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانە.

ئیسرائیل هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات و بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران لە ئامادەباشیدان، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران نیگەرانە.

هێرزی هەلیڤی، سەرۆکی دەستەی گشتیی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بە تەواوی لە ئامادەباشیدان و ئێران لە بەرامبەر کارەکانی رووبەڕووی سزا دەبێتەوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش داوای لە سوپای وڵاتەکەی کردووە بژاردەی خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی ئێران پێشکەشبکەن. بەشێک لە میدیاکانی جیهانیش باس لەوە دەکەن، گوایە یەکێک لە بژاردەکانی ئیسرائیل هێرشکردنەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.

رافایل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش ئاماژەی بەوەدا، نیگەرانن لە ئەگەری ئەوەی ئیسرائیل وەک تۆڵەیەک بۆ هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی ئێران بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بکاتە ئامەنج.

لەبەرامبەریشدا، ئێران هەڕەشە دەکات، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، هەر هێرشێک بکرێتە سەر وڵات و بەرژەوەندییەکانیان بە توندی وەڵام دەدەنەوە. 

سەبارەت بەم پرسەش، رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکیش بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراوی رووسیای ئاشکراکردووە، کە مانگی ئاداری ساڵی رابردوو، شاندێکی ئێران سەردانی کارگەیەکی تەکنەلۆجیای سەربازیی رووسیایان کردووە، بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی هەردوو وڵاتیش هەیانە، پێدەچێت مۆسکۆ تەکنەلۆۆجیای سەربازی پێشکەوتوو بداتە تاران، بەمەبەستی بەرگریکردن لەخۆی لەئەگەری هەر هێرشێکی ئیسرائیل بکرێتە سەریان.