بارسێلۆنا توانای گواستنەوەی هالاندی نییە
کارگێری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا توانای گواستنەوەی ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری نەرویجی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگڵتەرای نییە و هەموو ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکرێنەوە کە باس لە نزیکی ئەو یانەیە بۆ یاریزانەکە دەکرێن.
ماوەیەکە دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە گوایە بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا، ئامادەکاری بۆ ئەوەی دەکەن لە ساڵی 2025، ئێرلینگ هالاند هێرشبەری نەرویجی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگڵتەرا بگوازنەوە ریزەکانیان، بەڵام رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی نزیک لەو یانەیە، هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و بڵاویکردووەتەوە، بارسا بەهۆی تێچووە زۆرەکەی ئەو یاریزانە، بە هیچ شێوەیەک توانای گواستنەوەی نیە.
مانچێستەر سیتی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هێرشبەرەکەی بە 175 ملیۆن یۆرۆ دیاریکردووە، دەنگۆیەکیش هەیە خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانە کەتەلۆنیەکە، دەیەوێت بەرامبەر چوونی ئێمباپێ بۆ ریزەکانی ریاڵ مەدرید، ئەو یاریزانە نەرویجیە بگوازێتەوە ریزەکانی.
سەرچاوە کەتەلۆنیەکە بڵاویشی کردەوە سەرەڕای ئەوەی ساڵی 2026 گرێبەستی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی هێرشبەری بارسێلۆنا کۆتایی دێت، ئەو یانەیە پارەیەکی باشی لە مووچەکەی بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی مووچە زۆرەکەی هالاند، ئەو یانەیە لە توانایدا نیە مووچەکەشی دابین بکات.