نادال دوای دوو مانگ گەڕایەوە
رافایل نادال دوای نزیکەی دوو مانگ دابڕان بەهۆی پێکان، لە پاڵەوانیەتی تێنسی بارسێلۆنا گەڕایەوە و یەکەم بردنەوەی بەدەستهێنا و بلیتی قۆناغی دووەمی مسۆگەر کرد.
رافایل نادال تێنسزانی ئیسپانی و خاوەنی 12 ناسناوی پاڵەوانیەتی تێنسی بارسێلۆنا، لەوەتەی مانگی شوباتی رابردوو، بەهۆی پێکان لە یاریگاکان دابڕا، ئەو یاریزانە لە پاڵەوانتیەکە دڵخوازەکەی گەڕایەوە و لە یەکەم یاریشی، توانی بە ئەنجامی دوو سێتی بێ وەڵام، لە فلاڤیۆ کۆبۆلی تێنسزانی ئیتاڵی بباتەوە، ئەنجامی سێتەکانیش شەش دوو و شەش سێ بوون.
بەم بردنەوەیە نادال خۆی گەیاندە قۆناغی دووەمی پاڵەوانتیەکە، لەم قۆناغەش رووبەرووی ئالێکس دێ میناور تێنسزانی ئوستوراڵی دەبێتەوە. پێشتریش هەردوو تێنسزانی، چوار جار یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، نادال خاوەنی سێ بردنەوە و دۆڕانێکە بەرامبەر تێنسزانی ئوستڕالیەکە.