جەبار یاوەر: ئەمەریکاییەکان، عێراق و هەرێمێکی کوردستانی بەهێزیان دەوێت
K24 – هەولێر:
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایدەگەیەنێت: ئەمەریکا فشار لە سوودانی دەکات کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارە بکات. هاوکات دەڵێت: عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانانە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، ڕایگەیاند، سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە و لە قۆناغێکی گرنگ دایە، چونکە هەلومەرجێکی زۆر ئاڵۆز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان هەیە.
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاشیگەیاند، عێراق و ئەمەریکا ئامانج و تێڕوانینی خۆیان هەیە لە ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی، هەموو بەرپرسانی ئەمەریکا جەختیان لەوە کردەوە عێراقێکی یەکگرتووی بەهێز و سەقامگیریان دەوێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە، هەروەها دەیانەوێت عێراق لە بواری سەربازی و ئابوورییەوە پێش بکەوێت.
جەبار یاوەر، باسی لەوە کرد، ئەمەریکا دەیەوێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بکرێن، هەورەها سوودانی توانیویەتی ئاسایشی عێراق بەرەو باشتر ببات و هەموو هەوڵێکی داوە کێشە سیاسییەکان چارە بکات.
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێت: بەهۆی هەلومەرجی عێراقەوە تا ئێستا ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی جێبەجێ نەکراوە، بەڵام نییەتێک هەیە کە سوودانی هەموو خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات.
جەبار یاوەر، ئاماژەی بەوەش دا، هێشتا عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە پێویستیان بە هاوکاری ئەمەریکا و هاوپەیمانان هەیە، بەهۆی ئەوەی داعش ماوە و ئێستاش هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی سەر جیهان.
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، گوتی: عێراق لە ڕووی سیستەمی چاودێری ئاسمانیی توانای نییە و سفرە، هەروەها توانای پاراستنی ئاسمانەکەی نییە.
ناوبراو گوتیشی: لە ساڵی 2005ـەوە تا ئێستا کێشەمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، تا ئێستا هێزەکانی پێشمەرگەیان پڕچەک نەکردووە و بودجەی پێویستیشیان بۆیان دابین نەکردووە.
جەبار یاوەر، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، لە کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا، جەخت لەسەر چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا کراوەتەوە، هەروەها ئەمەریکا فشار لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات کە کێشەکان چارە بکات.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ناوهێنانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و چارەکردنی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا، کاریگەرییەکی زۆر گەورەی دەبێت لەسەر سیاسەتی عێراق لە ئایندەدا.