جەیک سولیڤان: ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر ئێران دا دەسەپێنێت

K24- هەولێر

ڕاویژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، ئەمەریکا لە ڕۆژانی داهاتوودا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت، ئەمەش دوای هێرشەکەی تاران بوو بۆ سەر تەلئەڤیڤ.

جەیک سولیڤان، ڕاویژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، دەڵێت: ئەمەریکا بەنیازە لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانی سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

ئاماژدەی بەوەشکرد، سوپای ئەمەریکا کار لەسەر تەواوکردن و دانانی سیستەمی بەرگری و دانانی  زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، بۆ لاوازکردنی توانای مووشەک و فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکانی ئێران.

ڕۆژنامەی "پۆلیتیکۆ" ڕایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندووە، کە ئەم هەفتەیە دەچێتە بواری جێبەجیکردنەوە.

شەوی شەممە، 13-04-2024، دەوروبەری کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسداران بوو کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج.