دڵشاد شەهاب: عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەردەم تەحەددایەکی گەورەدان

K24 - هەولێر
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، عێراق و هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکە هەن، لە بەردەم تەحەددایەکی گەورەدان. دەشڵێت، سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن، لە کاتێکی زۆر گونجاو و کاریگەر دایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17-04-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سەردانەکە هەنگاوێکی زۆر ئەرێنی و لە کاتێکی زۆر گونجاو و کاریگەر دایە".
وەکو ئەوەی دڵشاد شەهاب باسی کرد، باسکردنی مافەکانی گەلی کورد و ئامادەبوونی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی عێراق و ئەمەریکا لە واشنتن، "ئاماژەیەکی زۆر زۆر ئەرێنی و ئومێد بەخشە بە زیندوویەتیی داوا ڕەواکانی گەلی کوردستان، لە نێویشیاندا (شایستە داراییەکان، هەناردەکردنەوی نەوتی کوردستان و مافە سیاسی و دەستوورییەکان). هاوکات ئەو گفتوگۆیانەی لەبارەی بەرەوپێشبردنی شێوازی حوکمڕانی لە عێراق کراوە".
بە گوتەی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەردەم تەحەددایەکی گەورەدان بۆ ئەوەی نەبنە بەشێک لەو کێش و ئاڵۆزییانەی ئێستا لە ناوچەکە هەن".