وەزیری بەرگریی تورکیا: قەندیل و گارە ئامانجی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانمان دەبن
K24 - هەولێر
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەسنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "قەندیل و گارە ئامانجی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانمان دەبن، لەو ناوچانە کاری گرنگمان دەبێت."
یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، بەر لە بەشداریکردنی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) لە پەرلەمان، تیشکی خستە سەر ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی لە چوارچێوەی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" و بەڕۆژنامەنووسانی گوت: ئامانجەکانیان دیاری کردووە و ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە، دووشەممەی داهاتوو سەرۆککۆماری وڵات بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە عێراق، دەشڵێت: دوای چەندین ساڵ بۆ یەکەمجار ڕێککەوتنێکی ستراتیجییان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئیمزا کردووە.
گولەر لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی سەرۆککۆمار ئەردۆغان، لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق سەردانی هەولێریش دەکات یان نا، گوتی: "تەنیا ئاگاداریی ئەوەم کە سەردانی بەغدا دەکات".
ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری ئەوەی کرد، "ئایا دامەزراندنی هێڵێکی ئەمنی لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت؟".
وەزیرەکە لە وەڵامدا گوتی: "بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر لەو دیو سنوور هێڵێکی ئەمنی هەیە، قەندیل و گارە ئامانجی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانمان دەبن. لەو ناوچانە کاری گرنگمان دەبێت."
ڕۆژی 14ی ئاداری ڕابردوو، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای ئەمنی وڵاتەکەی، کە پێکهاتبوو لە یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) گەیشتنە بەغدا عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق بە تایبەت لە ڕووی ئەمنییەوە گفتوگۆیان کردبوو.
ئەو کات وەزارەتى بەرگریی تورکیا ئاشكرای کردبوو، لە کۆبوونەوەکەی شاندى تورکیا و عێراق باس لە هەماهەنگى سەربازیى و ئەمنی کردبوو، بە تایبەت لە هەماهەنگییەکانی هەردوولایە بۆ رووبەڕووبونەوەى پارتی کرێکارانی کوردستان.
هەروەها چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایان کردبوو، گوایە حەشدی شەعبی ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کردووە بۆ دەرپەڕاندنی پەکەکە لە شنگال.