ئەمەریکا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە ڕۆژئاوای کوردستان جێگیر دەکات

سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی ئەمەریکا (وێنە: ئەرشیف)
سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی ئەمەریکا (وێنە: ئەرشیف)

K24 - هەولێر

هێزەکانی ئەمەریکا سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی لە بنکەکانی خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا جێگیر دەکەن.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی عومەر لە دەوروبەری دێرەزوور دابەزیوە و سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی لە بنکەکەدا جێگیرکردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، لە کاتی دابەزینی فڕۆکەکە گەڕی هاوبەشی سەربازی لە نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و هەسەدە لە دەوروبەری بنکەکە ئەنجامدراوە. هاوکات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 40 بارهەڵگری چەک و تەقەمەنی رەوانەی بنکەکانیان لە تلبێدەر لە باکووری شاری حەسەکە کردووە.

لەلایەکی دیکەوە پێگەی ئینتەرستینگ ئینجییرینگ (Interesting Engineering) ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، بۆ وەڵامدانەوەی ئەگەری هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران، ئەمەریکا سیستەمی لەیزەری دژە درۆن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیردەکات.

ئەو پێگە ئەمەریکییە باسی لەوەش کردووە، بۆ دروستکردنی لەیزەری دژە درۆن ئەمریکا لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی بواری دروستکردنی چەک رێککەوتنی ئەنجامداوە.

سیستەمی لەیزەری دژە درۆن توانای پارێزگاریکردن لە بنکە سەربازییەکان، ژێرخانەکان و هەروەها ناوچەکانی نیشتەجێبوون هەیە، دەتوانێت لە مەودایەکی دوورەوە شوێنی درۆنەکان دیاریبکات و رووبەڕوویان ببێتەوە.