کۆمپانیایەکی ئەمەریکی هۆشداری لەسەر گرووپێکی هاککەری ڕووسیا دەدات

K24 - هەولێر

کۆمپانیایەکی گەورەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئەمەریکی هۆشداریدا لەوەی کە گرووپی هاککردنی "ساندوورم"، کە پەیوەندی بە دەزگا هەواڵگرییە سەربازییەکانی ڕووسیاوە هەیە، خەریکە مەترسییەکی گەورەی جیهانی دروست دەکات.

 کۆمپانیای "ماندیانت" کە لقێکی گرووپی گووگڵە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، چاودێری ئەو کردە زیانبەخشانەی کردووە، کە لەلایەن ئەم گرووپە چالاکە لە ئۆکرانیا و لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان ئەنجام دەدرێن، کە بە شوێنی گەرمی سیاسی و سەربازی و ئابووری بۆ بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا دادەنرێت.

 توێژەرانی کۆمپانیای "ماندیانت" لە ڕاپۆرتەکەیاندا دەڵێن: "ئێمە چاودێری ئەو گروپەمان کردووە کە کاری هاککردن و سیخوڕییان لە ئەەمریکای باکوور، ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیای ناوەڕاست و ئەمەریکای لاتین ئەنجامداوە."

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، "بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنە نیشتیمانییەکان لە ساڵی 2024، مێژووی هەوڵەکانی "ساندوورم" بۆ دەستوەردان لە پرۆسەکانی دیموکراسیدا، مەترسی ئەو هەڕەشانە زیاد دەکات کە لەوانەیە گروپەکە لە ماوەیەکی نزیکدا پیشنیازی بکات".

 پێنج ساڵ لەمەوبەر ئەمەریکا لە چوارچێوەی دۆسیەی دەستوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 کە بووە هۆی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، تۆمەتی ئاراستەی 12 ئەفسەری هەواڵگری سەربازی ڕووسیا کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ماندیانت، گرووپی ساندوورم، چەندین جار سیستەم و دەستەکانی هەڵبژاردنی ڕۆژئاوای کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە ناتۆ یان کاندیدن بۆ ڕێکخراوەکە.

بەگوێرەی توێژەران، "سوپای ڕووسیا بە بەردەوامی ئەم گرووپەی لە شەڕی دژی ئۆکرانیا بەکارهێناوە، هەروەها پشتڕاستیان کردووەتەوە  گرووپی ساندوورم، بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە هەموو جۆرەکانی ئۆپەراسیۆنی سیخوڕیی و کاریگەردا دەکات".

 لە ساڵی 2022 ئۆکرانیا ڕایگەیاند، کە هێرشێکی ئەلیکترۆنی ڕووسی پووچەڵ کردووەتەوە کە لەلایەن گرووپی ساندوورمەوە ئەنجامدرابوو کە یەکێک لە گەورەترین دامەزراوەکانی وزەی وڵاتەکەی کردبووە ئامانج.