فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران: تەقینەوەکانی ئیسفەهان هیچ زیانێکیان نەبووە  

عەبدولڕەحیم مووسەوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران
عەبدولڕەحیم مووسەوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران

K24 - هەولێر

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێ: ئەو تەقە بەهێزانەی لە ئیسفەهان بیستراون بە فەرمانی ئێمە بووە و دەستڕێژ بووە لە چەند تەنێکی نامۆ، بەڵام تەقەکردن و تەقینەوەکان هیچ زیانێکیان نەبووە.

عەبدولڕەحیم مووسەوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانی ڕاگەیاندووە، تەقینەوەکانی بەرە بەیانی ئەمڕۆ هەینی لە ئاسمانی ئیسفەهان، پەیوەندی بە تەقەکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوپاوە هەبووە کە دەستڕێژیان لە چەند تەنێکی نامۆکردووە لە ئاسمانی شاری ئیسفەهان، بەڵام تەقەکردنەکان و تەقینەوەکە بێ زیان بوون.

هەروەها ئاماژەیداوە، پسپۆرانی پەیوەندیدار سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا دەکرێن.

بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، کاتژمێر چواری بەرە بەیانی ئەمڕۆ هەینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران لە سەربازگەی هەشتەمی ڕاوچییەکانی ئیسفەکان بە ئاراستەی باکووری ڕۆژهەڵاتی شارەکە کەوتوونەتە تەقەکردن لە چەند تەنێکی نامۆ لە ئاسمانی ناوچەکە. بەڵام تا وەکوو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئێران زانیاریی لە بارەی ئەو تەنە نامۆیانەی ئاسمانی ئیسفەهان نەداوە.

دوا بە دوای ڕووداوەکە، ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئاسایشیی نیشتمانیی ئێران ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردوە و ڕایگەیاند، بۆ ڕگرین له‌ هه‌ر هێرشێك، سیسته‌می دژه‌ موشه‌ك له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ی ئێران كارا كراوه‌، تا ئێستا ڕاپۆرته‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، هیچ هێرشێك‌ نه‌كراوه‌ته ‌سه‌ر ئێران كه‌ شایه‌نی باسكردن، بێت.

هەروا ئاژانسی فه‌رمی ئێران بڵاوی كرده‌وه‌، بیستنی ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ له‌ ئه‌سفه‌هان، تێكشكاندنی سێ درۆن بووه‌ له‌ ڕێگه‌ی سیسته‌می دژه‌ مووشه‌كەوە.

هەروەها ڕۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی ئه‌مه‌ریكی له‌ چاپی ئه‌مڕۆ هه‌ینیدا لە زاری بەرپرسێکی باڵای سوپای ئیسرائیل بڵاوی كردەوه‌، سوپای ئیسرائیل له‌ هێرشێكی ئاسمانیدا له ‌ناو خاكی ئێران، وه‌ڵامی هێرشه‌ موشه‌كیی و درۆنه‌كانی 14ی ئەم مانگەی ئێرانی دایەوە.

بە گوتەی به‌رپرسه‌ ئیسرائیلییەکە، هێرشه‌كه‌یان بۆ سەر ئیسفەهان دەرخستنی توانا سه‌ربازیی و ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیله‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر هێرشێك له ‌ناو خاکی ئێراندا.

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دیمەشقی پایتەختی سووریا باڵەخانەی کونسولخانەی ئێرانیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە حەوت گەورە فەرماندە و ڕاوێژکاری سەربازی سوپای پاسداران کوژران کە یەکێکیان بەرپرسی فەیلەقی قودس بوو لە سووریا، لوبنان و فەڵەستین. لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا سوپای پاسدارانی ئێران لە شەوی 13ی ئەم مانگە بە دەیان موشەکیی بالیسیی و کرووز و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام هێرشەکە لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل و پشتیوانییە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرەنسا شکستی پێهێنراو، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیلیش لە دوا ڕاپۆرتدا ڕایگەیاند، توانیویانە %99 هێرشەکانی ئیسرائیل شکست پێبێنن.