سوودانی: سەردانەکەم بۆ ئەمەریکا لەپێناو کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە
K24 - هەولێر:
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، نابێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا تەنیا لە بواری ئەمنیی کورت بکرێتەوە، جەختی لەوەش کردەوە، سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا لەپێناو کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێک رایگەیاند، لە سەردانەکەم بۆ ئەمەریکا کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگمان هەبوو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەدا، هەروەها کۆبوونەوە و گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا زۆر بەرهەمدار بوون.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ زۆرێک لەگەڵ کۆمپانیا بازرگانییەکانی ئەمەریکا کۆبووینەوە و گفتوگۆمان لەبارەی بازرگانی و وەبەرهێنان کردووە، زۆرێک لەو کۆمپانیانە خواستێکی زۆریان هەبوو بێن لە عێراقدا کار بکەن.
محەممەد شیاع سوودانی، دەڵێت: لە میانی کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەمان بە پێویستی پێداچوونەوە بەو ڕێکارانەدا کرد کە کاریگەرییان لەسەر هەندێک لە بانکەکانی عێراق هەبوو.
سوودانی، جەختی لەوەش کردەوە، سوورن بۆ پەرەپێدانی کەرتی ئابووری و دارایی لە عێراق. لەبارەی جەنگی غەزەوەش گوتی: ئەو شەڕەی لە غەززە ڕوودەدات، ناوچەکەی رووبەڕووی مەترسیی گەورە کردووەتەوە، هەروەها هەموومان پێکەوە هەوڵ بۆ راگرتنی ئەم شەڕە بدەین.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دۆسایەنەی کە لە سەردانەکەماندا بۆ واشنتن خستوومانتەڕوو، گفتوگۆیان لەبارە دەکرێت و بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت، هەروەها سەردانەکەمان بۆ ئەمەریکا زۆر سەرکەوتوو بووە.
محەممەد شیاع سوودانی، دەشڵێت: ئێمە بناغەیەکی بەردەواممان بۆ پەیوەندییەکی درێژخایەن لەگەڵ واشنتن دامەزراندووە، هەروەها نابێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا تەنیا لە بواری ئەمنیی کورت بکرێتەوە. گوتیشی: سەردانەکەم بۆ ئەمەریکا لەپێناو کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە.