بارسێلۆنا دەیەوێت هیواکانی بۆ بەدەستهێنانی لالیگا زیندوو بکاتەوە

بارسێلۆنا
بارسێلۆنا

بارسێلۆنا خەریکە وەرزێکی نائومێدکەر تێدەپەرێنێت، ئەویش بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی ئەم دواییەی لە چامپیۆنزلیگ و ئومێدێکی کەمیشیان ماوە بۆ بەدەستهێنانی، ناسناوی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا.

ئامادەکارییەکانی یاریزانانی یانەی بارسێلۆنایە بۆ یاریی کلاسیکۆ، ئەمشەو کاتژمێر 22 بە کاتی هەولێر، لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی رکابەرە مێژووییەکەیان واتە ریاڵ مەدرید دەبنەوە، چاڤی و یاریزانەکانی هەموو ئامانجیان بردنەوە لە یارییەکە، بۆ ئەوەی جیاوازی خاڵەکانیان لەگەڵ رکابەرە مێژووییەکەیان کەم بکەنەوە.

یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا لە کاتێکدا رووبەڕووی پێشەنگی خولی ئیسپانیا دەبێتەوە، پێش ئەم یارییە بە جیاوازی هەشت خاڵ، لە دوای رکابەرەکەی لە پلەی دووەم دێت، دۆڕانیان لەم یارییە، واتە پێشکەش کردنی ناسناوی ئەم وەرزەیە بە ریاڵ مەدرید.

پێش یارییەکە چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا، بە هیوایەکی زۆرەوە باسی لە یارییەکە کرد گووتی، ئەوان بۆ بردنەوە گەشتی مەدرید دەکەن و دەیانەوێت لەو یارییە، جیاوازی خاڵەکانیان بۆ پێنج خاڵ کەم بکەنەوە.

'' لە یاریی کلاسیکۆ دەرفەتمان هەیە جیاوازی خاڵەکانمان لەگەڵ ریاڵ مەدرید بۆ 5 خاڵ کەم بکەینەوە، ئەمڕۆ بەباشترین شێوە مەشقەکانمان کردووە، گرنگترین یاریمان لەم وەرزە ماوە کە کلاسیکۆیە، پێویستە ببەینەوە بۆ ئەوەی فشار لە ریاڵ مەدرید بکەین، ئێمە بۆ بردنەوە یاریی دەکەین، لالیگا تا راددەیەک کۆتایی هاتووە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین و تا کۆتایی لالیگا دەجەنگین.
ئێوە حەزتان دەکرد بەهەمان شێوە یاریی بەرامبەر پاریس سانجێرمان بکەم کە ریاڵ مەدرید بەرامبەر مان سیتی کرد و گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی؟ ریاڵ مەدرید بەباشی بەرگری کرد و ئەمەش بەشێکە لە یاریی تۆپی پێ، لە دوایین سێ ساڵدا ریاڵ مەدرید دووجار مان سیتی دوورخستووەتەوە ئەمەش نە رێکەوتە نە بەختە، من لە تۆپی پێ باوەڕم بە بەخت نییە، لە وەرزی داهاتوو بارسێلۆنا دەگەڕێتەوە چامپیۆنزلیگ، بەباشترین شێوە دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکان ''.

بۆ ئەم یارییە چاوەڕێ دەکرێت راهێنەرەکەی بلاوگرانا، چەند گۆڕانکاری لە پێکهاتەی یانەکەی بکات، سەرچاوە رۆژنامەوانیەکانی کەتەلۆنیا باس لەوە دەکەن، بۆ ئەم یارییە ئاندرێس کریستێنسن بەرگریکاری دانیمارکی، لە شوێنی پێدری لە هێلی ناوەڕاست یاریی بکات.

بۆ ئەم یارییە بێجگە لە ئالێخاندرۆ باڵدێ بەرگریکار و هەروەها گاڤی ناوەڕاستکار کە پێکانیان هەیە بەشداری یارییەکە ناکەن، لە بەرامبەردا سەرجەم یاریزانەکان ئامادەن و بەشداری یاریی کلاسیکۆی گەڕانەوەی لالیگا دەکەن.