عەوادی: سەردانەکەی ئەردۆغان سەرەتای چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و تورکیا دەبێت
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بۆ عێراق، سەرەتای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان عێراق و تورکیایە، هاوکات خاڵی وەرچەرخانی پەیوەندییە مێژووییەکانمان دەبێت.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ ئەم سەردانە کراوە و بڕیارە زیاتر لە 20 رێککەوتن و یادداشتی لێکتێگەیشتن واژوو بکرێن.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، دەڵێت: سەردانەکەی ئەردۆغان سەرەتای چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و تورکیا دەبێت، هەروەها خاڵی وەرچەرخانی پەیوەندییە مێژووییەکانمان دەبێت.
باسم عەوادی، ئاماژەی بەوەدا، سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا سوپڕایزی زۆر گەورەی بەدوادا دێت و لە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ ئەردۆغان، سوودانی، وردەکاریی سوپڕایزەکە ئاشکرا دەکات.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسی لەوەشکردووە، رێککەوتنێکی ستراتیژی سەبارەت بە دۆسیەیی ئاو و رێککەوتنێکی ئەمنیی هاوشێوەی ئێرانیش لەگەڵ تورکیا واژۆ دەکەین، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدا بێت.
بڕیارە سبەی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدا و دواتریش هەولێر دەکات، کە یەکێک لە ئەجێنداکانی سەردانەکەی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە لە ڕێگەی بۆری نەوتی کەرکووک – جەیهان، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی وزەی تورکیا لە 4ی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە بۆری نەوتی عێراق-تورکیا ئامادەیە، بەڵام حکومەتی عێراق هەنگاوی رژدی بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو پرۆسەیە نەگرتووەتەبەر، لەکاتێکدا زیاتر لە 14 ملیار دۆلار زیان بە داهاتی عێراق کەوتووە.
ڕۆژی یەکشەممە (21ـی نیسانی 2024) هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە سەردانەکەدا ئامانجمانە پەیوەندییەکانمان ببێتە هۆی سەقامگیریی ناوچەییی و گەشەپێدان، هەروەها گوتی: لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆدەبینەوە و دووپاتی پاڵپشتییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەکەینەوە.
پێشتریش لە ڕۆژی (19ـی نیسانی 2024) دوای تەواوبوونی لە نوێژی هەینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا به رۆژنامهنووسانی راگەیاند، دوای سەردانەکەی 22ـی ئەم مانگەی بۆ بەغدا، سەردانی هەولێر دەکات و باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت