ئەمڕۆ ئاکرێ و هەندرێن ڕووبەڕووی یەکتری دەبنەوە

یانەی وەرزشی ئاکرێ
یانەی وەرزشی ئاکرێ

ئەمڕۆ کاتژمێر 17:00 بە کاتی هەولێر، هەردوو یانەی ئاکرێ و هەندرێن لە یاریی کۆتایی جامی کوردستان، لە یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ ڕووبەڕووی یەکتری دەبنەوە. براوەی یارییەکە دەبێتە پاڵەوانی حەوتەمین وەشانی جامی هەرێمی کوردستان.

ئاکرێ، دوای بەدەستهێنانی نازناوی خولی نایابی کوردستان، بۆ جاری یەکەم توانی بگاتە یاریی کۆتایی جامی کوردستان، پاش ئەوەی لە قۆناغی پێشکۆتایی توانی بە ئەنجامی 3-2 لە یانەی زاخۆ بباتەوە و بۆ جاری یەکەم گەیشتە یاریی کۆتایی.

لەلایەکی دیکەوە هەندرێن ئەو یانەیەش لە قۆناغی پێشکۆتایی جامەکە، ڕووبەڕووی سەیدسادق بووەوە و توانی یارییەکە بە ئەنجامی 2-1 بباتەوە و بلیتی یاریی کۆتایی جامی هەرێمی کوردستانی بەدەست هێنا، ئەمڕۆش ڕکابەریی لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکە دەکات.

ئاکرێ لە قۆناغی 16ـی جامی کوردستان، توانی لە شێروانە بباتەوە و گەیشتە قۆناغی هەشتەم، دواتر لەو قۆناغەش بەربەستی هەولێری تێپەڕاند و گەیشتنی بۆ قۆناغی پێشکۆتایی مسۆگەر کرد. لە بەرامبەردا هەندرێن  بە بردنەوەی لە شەقڵاوە و پێشمەرگەی هەولێر و ڕانیە و سەیدسادق، دواجار توانی بلیتی یاریی کۆتایی بەدەست بهێنێت.

ئیسحاق مێنسا هێرشبەری پیشەگەری یانەی ئاکرێ، بە تۆمار کردنی 4 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی جامی هەرێمی کوردستانی گرتووە، لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی گۆڵکارانی جاماکەش یونس عەبد بە تۆمار کردنی 3 گۆڵ لە ڕیزەکانی یانەی زاخۆ دێت.

یاریی کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان
یاریی کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان