هونەر جەمال: هیچ کێشەیەک لەبەردەم ناردنی مووچەی مانگی نیسان نییە
هونەر جەمال: چاوەڕوانین بەم نزیکانە وەزارەتی دارایی عێراق پارە بنێرێت

K24 – هەولێر
هونەر جەمال گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، تاوەکوو ئیستا هیچ گرفتێک لەبەردەم ناردنی مووچەی مانگی چوار نییە و چاوەڕوانین لەم نزیکانە وەزارەتی دارایی عێراق هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە پارەدار بکات.
هونەر جەمال گوتی: لە دوای ئەو لەیەک تێگەیشتنانەی پاش بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دروست بوون، لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕێکارەکانی دەست پێکردوو، هەفتەی ڕابردوو لیستی مووچەی مانگی چوار و ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوەی ڕەوانەی بەغدا کرد، بۆیە ئێستا چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکەین بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان پارەداری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بکات.
ڕاشیگەیاند، سەبارەت بە داهاتە فیدراڵییەکانەوە، لە سەر ڕاسپاردە و بڕیاری کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان لە بەڕێوەبردنی دارایی، بودجەی و پەرەپێدانی پارێزگاکان دەستکراوە بە ڕێکارەکان بۆ ئەوەی بخرێتە سەر هەژماری دارایی تاوەکوو هیچ پاسا و بیانوێک نەمێنێتەوە و ببێتە گرفت بۆ مووچەی مووچەخۆران.
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی گوتیشی: ئەوەی ئێمە ئاگادارین هیچ کێشەیەک بۆ پارەدارکردنی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نییە بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی هەیە وەزارەتی دارایی عێراق سەرەتا هەوڵی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق دەدات نەک هەرێمی کوردستان، بۆیە ئومێد دەکەین لە چەند ڕۆژی داهاتوو ڕیکارەکانی پارەدارکردنی دارایی هەرێمی کوردستان بگیرێتەبەر و بتوانین مووچە دابەش بکەین.
لە بارەی پرۆژەی "هەژماری من"، هونەر جەمال گوتی: پرۆژەیەکی پێشکەوتووەو پێشتر بە ڕەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بانکی ناوەندی عێراق دەست پێکراوە، هەموو بانکەکانی بەشداری هەژماری من ڕەزامەندیی و مۆڵەتی کارکردنی بانکی ناوەندی عێراقیان هەیە، ئەوەی ئێستا ماوەتەوە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە و دەبێت ڕوونکردنەوە یان ڕاستکردنەوەیە دەربکات یان بڕیارەکە بگەڕێنێتەوە بۆ بانکی ناوەندی عێراق بەو پێیەی بڕیارەکە پەیوەندیی بە تایبەتمەندیی و پسپۆری بانکەکەوە هەیە. جگە لەمە پرۆژەی هەماری من هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ سیستەمی تەوتینی عێراقی نییە و بەڵکو لە چەند ڕووێکەوە لە سیستەمەکەی عێراق پێشکەوتووتریشە.
هەروەها ڕایگەیاند، لە بارەی پاساوی نەبوونی بانکی هاوشێوەی ڕەشید و ڕافیدەینی عێراقی، ئێستا لە هەرێمی کوردستان بانکی نیشتمان هەیە و ڕێکارەکانی نزیکە لە تەواوبوون کە هاوشێوەی هەردوو بانکە حکوومییەکەی عێراقە، بۆیە دوای تەواوبوونی کارەکانی بانکی نیشتمان، مووچەخۆران و هاووڵاتییان ئازادن لە بانکی حکوومی یان ئەهلی هەژماری من دەکەنەوە.