ناتانیاهۆ: ئاگربەست بکرێت یان نا، ئیسرائیل هەر دەچێتە ناو ڕەفەح

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (وێنە: AP)
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (وێنە: AP)

K24 – هەولیر

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوا هەڵوێستی وڵاتەکەی لە بارەی هێرشی سەر باشووری کەرتی غەززە و ئاگربەست ڕایگەیاند و ئاشکرای کرد، ئاگربەست بکرێ یان نە سوپای ئیسرائیل هەر دەچێتە شاری ڕەفەحی باشووری غەززە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، ناتانیاهۆ ئەمڕۆ سێشەممە چاوی بە کەسوکاری ڕفێندراوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو کەوتووە و ڕایگەیاندووە، هیچ بیرۆکەیەک نییە بێ بەدیهێنانی هەموو ئامانجەکان بڕیاری ڕاگرتنی شەڕ بدەین، هەر بۆیە ئاگربەست بکرێت یان نە، سوپا هێرش دەکاتە سەر شاری ڕەفەح.

ناتانیاهۆ ڕاشیگەیاندووە، هێرش دەکەنە سەر ڕەفەح و کۆتایی بە حەماس دەهێنن و بەبێ بە دیهێنانی ئامانجەکان و سەرکەوتنێکی تەواو شەڕ کۆتایی نایەت.

ئەمەش لە کاتێکدایە بە گوتەی کارین ژان پێیە، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکانی حەماس و ئیسرائیلدا بەدی کراوە، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حەماسە، پێویستە ڕازی بن بەو رێککەوتنە و وڵاتانی دیکەش هەوڵی ڕازیکردنی حەماس بدەن.

بەگوێرەی دوا ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتووتە 35 هەزار و 535 کەس و کۆی بریندارانیش گەیشتووەتە 77 هەزار و 704 کەس.

Fly Erbil Advertisment