بەشێکی زۆری عهرهبی هاوردهی كهركووك، فۆرمی خۆراک و کارتی نیشتەجێبوونیان گواستۆتەوە شارهكه
K24 – كهركووك:
بریارە لە مانگی تشرینی دووهمی ئەمساڵ پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی لەسەرتاسەری عیراق بکرێت و بەهۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای كهركووك، کورد ترسی لەم سەرژمێرییە هەیە، چونکە بەشێکی زۆری ئەو ئاوارە عەرەبانەی لەناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە هاتوونەتە ئهو شاره، فۆرمی خۆراک و کارتی نیشتەجێبوونیان گواستۆتەوە.
لهمبارهیهوه خەمیس نایف هاووڵاتییەکە و لە تکریتەوە هاتووهته کەرکووک و دەڵێت، ئیدارەی کەرکووک هەموو خزمهتگوزارییەکی بۆ دابین کردووین و ناگەڕێینەوە شوێنەکانی خۆمان.
ههروهها ئەبو عەبدوڵڵا یەکێکە لەو هەزاران هاووڵاتییە عەرەبەی کەدوای ئازادکردنی ناوچەکانیان لەدەستی داعش، نەگەڕاونەتەوە، بەهاوکاری ئیدارەی کەرکووک بەشێکی زۆری ئەو ئاوارە عەرەبانەی هاتوونەتە ئهو شاره، فۆرمی خۆراک و کارتی نیشتەجێبونیان گواستووەتەوە شارەکە.
محەممەد ڕەبیع هاووڵاتی له شاری كهركووك دهڵێت، ئەم گەڕەکەی ئێمە خەڵکی ئاوارەی تێدایە، كه لە ناوچەکانی دیالە و سهڵاحەددینەوە هاتوون، بۆ نموونە بەشێکیان لە سلێمانبەگەوە هاتوون، کە سەر بە پارێزگای سڵاحەددینە، یاخوود لە دیالە و قەرەتەپەوە هاتوون.
ههروهها خەمیس نایف هاووڵاتی ڕایگهیاند، من لە تکریتەوە هاتووم و چەندین ساڵە لێرە نیشتەجێین، ئیدارەی کەرکووک خزمەتگوزاری زۆر باشی پێشکەشمان کردووە، کەس وەکو ئەم ئیدارەیە خزمەتمانی نەکردووە".
بەهۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکووک، کورد ترسی لەو سەرژمێرییە هەیە کە بریارە کۆتایی ئەمساڵ لە عیراق بکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، زیاتر لە 92 هەزار ئاوارەی عەرەب لەدوای ساڵی 2014 هاتوونەتە کەرکووک.
بڕیارە لە 20ی 11ـی ئەمساڵ، لەدوای 27 ساڵ، پرۆسەی سەرژمێری بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە سەرتاسەری عیراق بکرێت، زیاتر لە 120 هەزار مامۆستا و کادیری پەروەردەیی بەشداریی پرۆسەکە دەبن و بڕیارە مانگی داهاتووش بەشێوەی ئەزموونیی، پرۆسەکە لە عیراق بەڕێوەبچێت و بۆ ئەمەش وەزارەتی پلاندانان سەرجەم ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە .
ههر لهمبارهیهوهش عەبدولزەهرە هینداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان به كوردستان24ـی ڕاگهیاند، پرۆسەی سەرژمێرەیەکە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگریتەوە و لە پارێزگای کەرکووک و شارەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکرێت و لەناوەڕاستی مانگی داهاتووش سەرژمێریی ئەزموونیی دەکەین و دواتر ڕاهێنان بە زیاتر 120 هەزار کەس دەکرێت.